لە هەڵبجە پەیکەری هونەرمەندێک دەشێوێنرێت

لەلایەن دەستێكی نەناسراوەوەو پەیكەری هونەرمەندی دیاری دەڤەری هەڵەبجەو هەورامان عوسمان كەیمنەیی شێوێنرا.

سوبحان پەروێز لێپرسراوی ڕێكخراوی یانەو كلتوری سیاچەمانەی لەلێدوانێكیدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند ": لەگەڵ بڵاو بونەوەی هەواڵەكە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئیدانەی ئەو كردەوە قێزەونەمانكرد و پەیوەندیمان بە ئاسایش و پۆلیسی ناحیەی بیارەوەكرد ،لەوكاتەدا ئەوان بێئاگایی خۆیان لەهەواڵە دەربڕی ،دواتر پەیوندیمان بەبەڕێوەبەری ناحیەی بیارەو ڕۆشنبیری هەڵەبجەوەكرد و بابەتەكەمان خستۆتەڕوو وە چاوەڕوانی بەدوادا چونەكانین كەتا ئێستا هیچ وەڵامێكمان دەست نەكەوتوەو نازانین بۆ ئەو كارە كراوەو كێ لە پشتیەوەیەتی" .

لێپرسراوی ڕێكخراوی یانەو كلتوری سیاچەمانە، ڕاشیگەیاندووە " سكاڵای یاسایمان تۆماركردوە، لەهەمانكاتدا پەیوەندیمان بە بنەماڵەی هونەرمەند عوسمان كەیمنەییەوە كردە و ئەوانیش نیگەرانن و زۆر بەداخەوەن و دەپرسن بۆ دەبێت بەرانبەر وهونەرمەندێك كەدونیایەك بەرهەمی هونەری پێشكەش كردوە بەناوچەكە ئەوە پاداشتی بێت ، لەكاتێكدا هیچ خراپەیەكمان بۆ كەس نەبوەو گومانیشمان لەكەس نییە ."

سوبحان پەروێز ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " بەداخەوە تائێستە هیچ وەڵامێكمان دەست نەكەوتو ئەگەر تایەك دوو ڕۆژێكی تر وەڵامێكی گونجاو وەرنەگرینەوە بەدڵنیاییەوە هەڵوێستی جدیمان دەبێت هەموو جۆرە ڕێكارە مەدەنیەكان دەگرینەبەر سوكایەتی بە شێوە و بەو هونەرمەندەش لەلای ئێمەهەرگیز جێگەی قبوڵكردن نییە."



PM:08:17:27/05/2018