نوسەرێکی پارتی: یەکێتی دۆڕاوە گەورەکە
کاک کۆسرەتیشیان هەڵخەڵەتاند

رێبواری کەریم وەلی کادیر و نوسەری دیاری پارتی دەڵێت" یەکێتی دۆڕاوی گەورەیەو کاک کۆسرەتیشیان هەڵخەڵەتاندووە".

لە نووسێنێکی نوێدا بەناونیشانی " یەکێتی دۆڕاوە گەورەکە" کە لە ماڵپەڕی رووداو بڵاوکراوەتەوە، رێبوار کەریم وەلی دەڵێت" ئەوەی كە ئێستا وەك سەركەوتنی یەكێتی و بەتایبەتیش سەركەوتنی باڵی ماڵبات بەسەر كۆسرەت رەسوڵ، بزووتنەوەی گۆڕان و دكتۆر بەرهەمدا نیشان دەدرێ، شتێك نییە جگە لە سەودای (خاك بەرامبەر بە هاك) و تەنیا لەسەر كاغەز دەمێنێتەوە و هیچ لە هاوكێشەی سیاسی ناگۆڕێت".

ئەو نووسەرە دەڵێت " بەو تەزویراتە ئایندەی یەكێتی هێندەی دیكە تاریكتر و بارگاویتر بوو. نەك خەڵكی كوردستان، بگرە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش باوەڕ بەوە ناكەن كە چۆن ئەو ئەنجامەیان بۆ دیاریكراوە، چونكە سەفقەكە چەند رۆژێك پێش هەڵبژاردن كراوە و ئەنجامەكان پێشوەختە دیاربوون.

پارتی لەوە دڵنیایە كە ئەوە نە حەجمی راستەقینەی یەكێتییە و نە هی حیزبە ناڕازییەكانیش، بۆیە ئەستەمە وەكو جاران رێشمەی سەودای پلەو پۆست بۆ یەكێتی شل بكات".



رێبوار کەریم وەلی کە بەشێکی وتارەکەی بۆ کۆسرەت رەسوڵ داناوە، دەڵێت" كاك كۆسرەتیشیان هەڵخەڵەتاند.. پلانی كۆسرەت رەسوڵ بۆ داهاتووی یەكێتی ئەوە بوو كە هاوپەیمانییەكەی دكتۆر بەرهەم تاقی بكاتەوە و، ئینجا لە كۆنگرەی یەكێتی خۆی وەكو رابەری رۆحی بكشێتەوە و، دكتۆر بەرهەمیش بكرێتە سكرتێری گشتی. بەڵام باڵی ماڵباتی یەكێتی كە لە نزیكیی دكتۆر بەرهەم و كۆسرەت رەسوڵ زیڕەیان كردبوو، لەسەرەتادا هەوڵیان دا، كۆسرەت رەسوڵ وەكو خاوەنی یەكێتی و بڕیاربەدەستی كۆتایی وێنا بكەن و، هیچ ناڕەزایەتییەكیان بەرامبەر بەو دەسەڵاتە رەهایانە دەرنەبڕی كە لە دوای دیاریكردنەوەی مەكتەبی سیاسی لە هەشت خاڵدا بە كۆسرەت رەسوڵ بەخشران.

بەڵام ئەوەی راستییە ئەوەیە كە یەك تاقە كاندیدی كۆسرەت رەسوڵ تەنانەت لە هەولێریش دەرنەچوێندراوە و ئەوەش واتای ئەوەیە لە حاڵەتی بەستنی كۆنگرەشدا، زۆر بە ئاسانی زۆرینەی رەهای ئەندامانی كۆنگرە بۆ خۆیان دەبەن".


ئەو نووسەرە دەڵێت " پەلەقاژەی بەرەبابی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەغدا كە 12 ساڵە لێی دەخۆن، هیچ پەیوەندی بە مافەكانی كوردەوە نییە. دامەزراوەی سەرۆكایەتیی كۆمار بودجەكەی (كە لە نەفەقاتی سیادییە و بەشێكی لە قووتی خەڵكی كوردستان دەبڕدرێت) بە قسەی نووسەرێكی ئەمریكی بێت، مانگانە نزیكەی 43 ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە، سەرۆككۆماری ئێستا لەو بودجەیە، مانگانە پەنجا هەزار دۆلار وەكو وەكیلی ماڵی تاڵەبانی وەردەگرێت و ئەوەی دیكە دەچێتە باخەڵی ماڵی تاڵەبانی. دیارە ئەوانیش هەزاران حەرەس و حیمایەی تایبەتیان پێ دامەزراندووە و لە سلێمانی ئەو ملهوڕییەی پێ دەكەن. ئەگەر بەراوردێكی خێرا بكەین، دەبینین لەو رۆژانەی كە سەركردەكانی یەكێتی و هەندێك نازپەروەردەكانی ماڵبات، شین و شەپۆڕیان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەكرد، ئەوان لەو چوار ساڵەی رابردوودا، نزیكەی دوو ملیار دۆلاریان لەو دامەزراوەیە دەستكەوتووە جا داهاتی ناوخۆ، نەوتی بەتانكەر و سەفەقاتی دیكەش لەولا بوەستێ. بۆیە جاران دۆی دادە دەڕژا، بەڵام ئەمجارەیان دەبڕێ!".



PM:06:24:28/05/2018