پارتی دژی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رێگای هەژماری دەستیەوە نییە

پارتی دیموکراتی کوردستان دژی جیاکردنەوەی ئەنجامەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە رێگای هەژماری دەستیەوە نییە.

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر هەڵێوێستی حیزبەکەی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیاند و دەڵێت " دوابەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو دەرئەنجامانە بڵاوبۆوە، ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیماندا رامانگەیاند کە لە دەرئەنجامەکان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات".

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت " ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەکی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین".

پارتی دژی ئیلغاکردنەوەی دەنگدانی کەرکوکەو دەڵێت " بریاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەت دەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین".

لە کۆتاییدا وتەبێژی پارتی دەڵێت " لە پێناوی چارەسەری كێشە و رەواندنەوەی گومانەكان و زیاتر ئاڵۆز نەكردنی بارودۆخەكە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین كە بە رێگای دەستووری و یاسایی هەنگاوی بۆ بهاوێژێ".

رۆژی ٢٨ ی ئایار پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا کە لە ١٠% دەنگی پارێزگاکان لە رێگای دەستیەوە هەژمار بکرێتەوە، ژمارەیەک هێزی سیاسی لەگەڵ ئەم هەنگاوەدان، بە پێچەوانەوە هەندێک هێز دژی ئەم هەنگاوەن، لە پێش هەمووشیانەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.



PM:05:12:30/05/2018