نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق نووسراوێك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەکات و ڕایگەیاندووە كە بڕیارەكانی پەرلەمانی "ماوە بەسەرچووی عێراق پێچەوانەی دەستوور و یاسای كۆمسیۆنن".
نووسراوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە بەناونیشیانی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران و بەئیمزای نزار محەمەد سەعید بەڕێوەبەری نووسینگەی سەركۆماری عێراق رەوانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق كراوە.
سەرۆكایەتی كۆمار ئاماژەی بەوە داوە كە بڕیارەكانی پەرلەمان بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی چەند پارێزگایەك و دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكانی چەند بنكەیەكی دەنگدان، لەگەڵ دەستووری عێراق و یاسای كۆمسیۆن نایەتەوە.
پەرلەمانی عێراق جگە لەوەی بڕیاری داوە دەنگەكانی دەرەوە و ئاوارەكانی چوار پارێزگا هەڵوەشێنێتەوە، هەروەها بڕیاریشی داوە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و كەركووك هەڵوەشێنێتەوە.