هەولێر....هاتوچۆ بڕیارێکی دەرکرد

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند دەستی بەسەر زیاتر لە 500 ماتۆرسیكلدا گرتووە، بەهۆی ئەوەی ساڵنامە و هیچ بەڵگەیەكیان لەگەڵ نیە، هەموویان لە كارگەی ئاسندا دەتوێنێتەوە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند بەهۆی ئەوەی ئەم ماتۆرسیكلانە تۆمار نەكراون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەكەیانەوە، دەستیان بەسەردا گیراوە، یاخود خاوەنەكانیان بەبێ مۆڵەتی لێخوڕین ماتۆرسیكلەكانیان لێخوڕیوە.

وتیشی ئەو ماتۆرسیكلانەی هیچ بەڵگەنامەیەكی یاساییان نیە و تۆماریش نەكراون، دەستبەسەرداگرتنەكەیان لەسەر هەڵناگیرێت، بەڵكو بەتەواوی لەناودەبرێن و دەكرێنەوە بە ئاسن.

وتەبێژەكە ئاماژەی بەوەدا كە ماوەیەكە بەكارهێنانی ماتۆرسیكل زۆرتر پەرەی سەندووە، بەم هۆیەوە هاووڵاتیانی پایتەخت تووشی بێزاری بوون، سەرباری ئەوەی زۆرێك لە شۆفێرەكانی ئەم ماتۆرسیكلانە گوێ بە یاساكانی هاتوچۆ نەدەن.

دووپاتیكردەوە تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا دوو هەزار ماتۆرسیكل توێندراونەتەوە، بۆیە داوای لە هاووڵاتیان كرد بەهیچ شێوەیەك ماتۆرسیكلی بێ بەڵگەنامەی یاسایی و تۆمارنەكراو نەكڕن.



PM:11:58:30/05/2018