پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوای یاسایی لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی رێکخستووە بەبێ ئامادەبوونی رێژەی یاسایی.
میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە، " رێبوار تەها، لە دادگای باڵای فیدراڵی، سكاڵای لەدژی سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركردووەو ناوبراوی بەوە تۆمەتباركردووە، كە بەبێ تەواوبوونی نیسابی یاسایی، دانیشتنەكەی رۆژی 28ی ئەم مانگەی بەڕێوەبردووە، كە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەلەمانە".
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، لە سكاڵاكەیدا ئاشكراشیكردووە، بڕیاردان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە، بەوپێیە سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە دانیشتنەكەی رۆژی دووشەممەی رابردوو دراوە، پێشەوانەی دەستورو یاسای هەڵبژاردنەكانی عیراقە.
رۆژی ٢٨ ئایار پەرلەمانی عێراق توانی رێژەی یاسایی دابین بکات و بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەی وڵات بدات و بڕیار لەسەر هەژمارکردنی ١٠% دەنگەکانی هەموو پارێزگاکانی عێراق بدات، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی یەکێتی.