بە وتەی بەرپرسێكی پارتی رێكەوتنی نێوان حیزبەكەیو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار كۆتایی پێهاتووەو دەبێت لەمبارەوە رێكەوتنی نوێ بكەن.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی بە میدیاكانی سەر بە حیزبەكەی وتووە ”پارتی بڕیاری خۆی داوە و ئامادەیی دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەربڕیوە، بەتایبەت لایەنە براوەکان کە کورسیان هێناوە، چونکە پێمان وایە کورد ئەگەر بیەوێت بە قورساییەوە بچێتە بەغدا پێویستە هەموو پێکەوە هاوپیمانی بکەین، ئەگەر هاوپەیمانیش نەبێ ئەوا بەلایەنی کەم جۆرێک لە لێک تێگەیشتن هەبێ".
ڕوونیشی کردەوە، ئەوەی بەلای پارتییهوه گرنگە ئهوهیه كه لەگەڵ کام پێکهاتە حکوومەت پێکدەهێنن و چۆن ڕێککەون لەگەڵی؟، هەروەها ئەو لایەنە چۆن دەتوانێ لەماوەیەکی دیاریکراو ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانەی کراوە، پێداچوونەوەی بۆ بکا و ماف و شایستەکانی کورد کە لە دەستووردا هاتووە هەمووی جێبەجێ بکات.
ئاشکراشی کرد" ئەو ڕێککەوتنەی نێوان یەکێتی و پارتی کە پێشتر لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کرابوو، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنەدا کۆتایی پێ هات، بۆیە جارێکی دیکە دەبێ ڕێککەوتن بکرێ، جا ئیتر چۆن دەبێ؟، چی دەبێ؟، کێ دەبێ؟، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە".