قامیقامیەتی قەزای هەولێر ڕایگەیاند 600 كیلۆ گۆشتی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و دوو فرۆشیاری ئەو گۆشتەش دەستگیرکران.
لەراگەیەندراوێکی قایمقامیەتی قەزای هەولێردا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە هاتووە "لیژنەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی ئابووری هەولێر دەستیان بەسەر زیاتر لە 600 كیلۆ گۆشتی ساختە و ناتەندروستدا گرت، كە ڕۆژانە نزیكەی 100 كیلۆی لێ فرۆشتووە".
لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە "نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕایگەیاند :توانیویانە دەست بەسەر ئەو بڕە گۆشتە سوورەدا بگرن كە لەدەرەوە هاوردەكراوە، دوو كەسیش بە تۆمەتی فرۆشتن و مامەڵەكردن بەو گۆشتە ساختە دەستگیر بكەن".
بەپێی راگەیەندراوەكە "نەبەز عەبدولحەمید رونیشیكردەوە، گۆشتە بەسەرچووەكان پێكهاتوون لە گۆشتی هیندی و گۆشتی بەستوو لەگەڵ گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش و تێكەڵكردنی لەگەڵ گۆشتی فرێش و فرۆشتنی بە هاووڵاتییان".
قایمقامی قەزای هەولێر جەختی كردۆتەوە "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو دوو كەسە كراوەتەوە كە دەستگیركراون و دوو شوێنیش داخراوون".