وتەبێژى کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، هاتنى سوپاى تورکیا بۆ گوندى بەرمیزە بۆ لەناوبردنى دەستکەوتەکانى کوردە لە باشوورى کوردستان.
سەرحەد ڤارتۆ، وتیشى، سوپاى تورکیا هێزێکى گەورەى لە باشورى کوردستان جێگیرکردووە و ئەو دیمەنانەى دوێنێ لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوبوونەتەوە بەشێکە لە کۆکردنەوەى هێز و ئامانج لێى هێرشکردنە سەر گەریلاکانى پەکەکەیە لە قەندیل.
باسى لەوەشکرد، هیرش و لەشکرکێشى سوپاى تورکیا بۆ باشور بە هاوکاریى هەندێک هێزى نێدەودەوڵەتى و ئیقلیمی و بێدەنگى و بێ هەڵوێستى هەندێک هێزى کوردیى ئەنجام دەدرێت.
وتەبێژەکەى کەجەکە پارتى دیموکراتى کوردستانى بە هاوکاریى سوپاى تورکیا تۆمەتبار کردو وتى، هەڵوێستێکى ڕونیان نییە و پێویستە بێدەن نەبن چونکە، بێدەنگ بوون واتە ڕازى بوون و خزمەتکردن بە سوپاى تورکیا، وتیشى پارتى تەنیا باس لە پەکەکە دەکات و هیچ لێدوانێکى لەسەر لەشکرکێشى تورکیا نەداوە.
لەبارەى هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش وتەبێژى کەجەکە ڕایگەیاند، سیاسەتى حکومەتى هەرێم هەمان سیاسەتى پارتییە، لەبەر ئەوەى حکومەت یەکلایەنە بڕیاردەدات و لایەنەکانى دیکەى ناو حکومەت هیچ هەڵوێستێکیان نییە.
سەرحەد ڤارتۆ وتیشى، ئەوان لە ئامادەباشیدان و ڕۆژانە گەریلاکانیان چالاکى لەدژى سوپاى تورکیا ئەنجام دەدەن، هەرکاتێک تورکیا ویستى هیرش بکاتە سەر قەندیل ئەو کاتە وەڵامى خۆى وەردەگرێتەوە.