لە عفرین یەپەگە هێرشی کردە سەر تورکیا

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" دوو چالاكییان لە  عەفرین ئەنجامدا و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر چەكدار و سەربازی توركیا كوژران.

یەپەگە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە لە قۆناغی دووەمی ئەو بەرخۆدانی عەفریندا رۆژی 30 و 31ی ئایار شەڕڤانان بارەگا سەربازییەكانی سوپا و چەكدارەكانی سەر بە توركیایان كردە ئامانج.

یەکینەکانی پاراستنی گەل ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە چالاكی یەكەمدا هێرشیان كردۆتە سەر بارەگایەكی سوپای توركیا لە گوندی قورتقەلاقی سەر بە ناحیەی شەرا و بەهۆیەوە  ژمارەیەكی زر سەرباز كوژران.

لەبەیاننامەكەدا هاتووە كە رۆژی 31ی ئایاریش، شەڕڤانان بارەگایەكی چەكدارەكانی سەر بە توركیایان لە گوندی میرمین كردۆتە ئامانج كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری عەفرین و لە رووبەڕووبوونەوەیەكدا كە نزیكەی 45 خولەكی خایاندووە، ژمارەیەكی زۆر چەكدار كوژراون.

یەپەگە راشیگەیاند كە لەو دوو چالاكییەدا 3 شەڕڤان شەهید بوون، بەڵام ژمارەی كوژراوانی سوپا و هێزەكانی توركیای بەدیاریكراوی بڵاونەكردۆتەوە.
یەپەگە باس لەوە دەکات ئەو چالاکیانە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی رزگارکردنی عفرینە.



PM:09:46:01/06/2018