حیزبێک لە پەرلەمانتارەکانی قەدەغە دەکات بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن

رەوتی حیکمە کە لەلایەن عەمار حەکیمەوە سەرکردایەتی دەکرێت ناهێڵێت پەرلەمانتارەکانی بەشداری کۆبوونەوەی ئەم رۆژانەی پەرلەمان بکەن کە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە.

ڕەعد حەیدەری، سەركردە لە ڕەوتی حیكمە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، " ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی سەرجەم پەرلەمانتارەكانی لە پەرلەمان ئاگادار كردۆتەوە بەشداری كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكان نەبن".

سەركردە لە ڕەوتی حیكمە دەشڵێت: "بەڵام ناتوانین ئەوە بەسەر پەرلەمانتارێكدا بسەپێنین، كە بەشداری كۆبوونەوەكە نەكات كاتێك بزانێت لە هەڵبژاردنەكاندا مافی خوراوە”.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دەکات، لە هەڵبژاردنەكاندا ژمارەیەك سەرپێچی تۆمار كراوە لەڕێی چاودێرەكانەوە، بەڵام ئەو ساختەكاریەی كراوە بەو قەبارەیە نەبووە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبێت.

پەرلەمانی عێراق خۆی ئامادە دەکات تا رۆژی چوارشەممە بڕیار لەسەر یاسای هەڵبژاردن بدات و سەرجەم دەنگەکانی هەڵبژاردن لە رێگای دەستیەوە هەژمار بکرێتەوە.



PM:11:42:02/06/2018