ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری لەسەر دوو پرسی گرنگ دا

كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر هەردوو پرسی نرخی بەنزین و كێشەی كەناڵە ناوخۆییەكان دا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش رایگەیاند، نرخی بەنزین بۆ 600 تاوەكو 650 دینار دادەبەزێت.

عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ئەوەی لەبارەی كەناڵە ناوخۆییەكان بڕیاریان داوە لەسەری دەبێت تاكو دادگا بڕیاری پێوست دەدات پەخشی كەناڵەكان ئاسایی بكرێنەوە وەكو پێشوو، لەهەمان كاتدا داوایان لەوەزارەتی رۆشنبیری كردووە رێنمایی نوێ بۆ پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان دەربكات لەگەڵ دانانی گرێبەستی ورد و ئاشكرا تاكو دەرفەتی كێبڕكێ برەخسێنێت بۆ كۆمپانیاكان بەشێوەی تەندەر پەخشی كەناڵەكان بكەن بەباشترین شێوە".

لەبارەی نرخی بەنزینەوە عەلی رەشید دەڵێت "هۆكاری كەمی نرخی بەنزین لەشارەكانی عێراق پاڵپشتی حكومەتییە لەرووی داراییەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم لەبەر باری دارایی ناتوانێ ئەوە بكات، بۆیە داوامان كردووە كە بەغدا ئەو پاڵپشتییە داراییە بۆ هەرێمیش دابین بكات، تاوەكو بەنزین بەم نرخە كەمە بدەن بە هاووڵاتیان".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی " لەئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری داوە كە رۆژانە 5 ملیۆن لیتر بەنزین لەرێگەی كۆمپانیای كارەوە بۆ هەرێم دابین بكات بەنرخی 600 دینار، بەوەش نرخی بەنزین لەنێوان 600 بۆ 650 دینار جێگیر دەبێت".

هەردوو پرسی کەناڵە ناوخۆیەکان و کێشەی بەنزین دوو کێشەی هەنووکەی خەڵکن.



PM:02:15:04/06/2018