حکومەتی هەرێم ڕەخنە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەگرێت

حكومەتی هەرێمی کوردستان رەخنەی لەراپۆرتەكەی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان گرت و رایگەیاند، حزبەكانی هەرێم پێشوازییان لەئەنجامی هەڵبژاردن كردوە و  حزبە سەرەكییەكانیش ئامادەییان نیشانداوە بۆ پێداچوونەوە بەپڕۆسەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی راپۆرتی یان كۆبیچ، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعیراق دەداتەوە و ئاماژە بەوەدەكات كە لە راپۆرتەكەدا لەسەر ئاستی عیراق وەك پێویست ئاماژە بەهەوڵ و كۆششەكانی حكومەتی هەرێم نەكراوە.

دەشڵێت "پێویست بوو باس لەو قوربانییانە بكرایە كە حكومەتی هەرێم داویەتی لە رزگاركردنی بەشێكی زۆری ئەو ناوچانەی كە لە عیراقدا داعش داگیریكردبوون هەروەها شەهیدبوونی هەزار و 814 پێشمەرگە و برینداربوونی زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگەی دیكە".

دیندار زێباری لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەشکردوە کە هەڵبژاردنەكان لەهەرێمی كوردستان لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا ئەنجامدراوە و هێزە ئەمنییەكان هێمنی و ئاسایشی تەواوی بنكە و وێستگەكانی دەنگدانیان پاراستووە، رێژەی بەشداریكردنیش لە هەرێمی كوردستان بەروارد بە عیراق رێژەیەكی زۆر بووە و لەعیراقدا تەنها 44.56% بەشدارییان كردوە، هەروەها لەپڕۆسەی سیاسیدا لە عیراق ژمارەیەكی زۆری ژن لەسەر لیستە كوردییەكان خۆیان هەڵبژاردوە و زۆرینەشیان دەنگیان هێناوەتەوە، لەساڵانی رابردووشدا پاش روخانی رژێمی بەعس لە عیراق  و تەشكیلکردنی حكومەت، لیستی هاوپەیمانی كوردستانی یەكەم لیست بووە كە نوێنەری ژنی ناردوەتە بەغدا.

هەروەها لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش زێباری رونیكردوەتەوە، ئەوەی دەوترێت چەند حزبێكی كوردستانی پێشوازییان لەئەنجامی هەڵبژاردن كردوە دروست نییە، بۆ پێداچونەوەش بەئەنجامەكانی هەڵبژاردندا حزبە سەرەكییەكانی هەرێم هەموو ئامادەییەكیان نیشانداوە بۆ پێداچوونەوە و دڵنیابوون لەشەفافیەتی پرۆسەكە.

دیندار زێباری جارێكی دیكە رەخنە لەناوەڕۆكی راپۆرتەكە دەگرێت و دەڵێت "لەم راپۆرتەدا بەپێی پێویست باس لە هەوڵ و هەنگاوەكانی حكومەت نەكراوە بۆ هاوكاریكردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی روویان لە هەرێم كردوە جارێكی دیكە و ئاماژەیان بەو ئاستەنگ و بارگرانیانە نەكردوە كە رووبەڕووی حكومەتی هەرێم بوونەتەوە بەتایبەتی لەڕووی دابینكردنی پێداویستی رۆژانەی ئاوارەكان، چونكە حكومەتی هەرێم لەڕووی تەندروستی و پەروەردەوە فشارێكی زۆری لەسەرە".

زێباری لەبارەی سزای لەسێدارەدانەوە كە لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە، رایگەیاندوە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2008ەوە بەیاسا، سزای لەسێدارەدان وەستێنراوە تەنها بۆ هەندێك كەیسی دەگمەنی كۆمەڵایەتی نەبێت.

هەر لەوەڵامەكەیدا بۆ نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان سەبارەت بە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە كوردستان، نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە، مەوقیفی هەرێم زۆر روونە و داواكارین بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش لەمبارەیەوە جێبەجێبكرێت و هەرچی زووە دەست بەلێكۆڵینەوە بكرێت لەو بوارەدا، چونكە لەم كەیسەدا قوربانیانی سەرەكی پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستانن و پێویستە لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بكرێنەوە.



PM:06:14:04/06/2018