تورکیا وەڵامی عیراق دەداتەوە

باڵیۆزی تورکیا لەعێراق دوا ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بەگرتنەوەی ئاو لەسەر عیراق ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، "پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانمان لەو ھەنگاوە ئاگادارکردۆتەوە".

فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا  لەعیراق لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری بەغدا ڕایگەیاند، "لەنیگەرانی عێراقیەکان تێدەگەین بەتایبەت کە گرتنەوەی ئاو کاردنەوەی توندی لێدەکەوێتەوەو مەترسیش دروستدەکات، جگەلەوەش بەرژەوەندی باڵای ھاوبەش لەنێوان بەغداو ئەنکەرە ھەیەو پێویستە گەشەشی پێبدرێت".

وتیشی "وەک چۆن عیراق پێویستی بەئاو ھەیە، بەھەمانشێوە گەلی تورکیاش پێویستی بەئاو ھەیە، بۆیە پەنای بۆ دروستکردنی بەنداو بردوە".

بەرپرسە باڵاکەی تورکیا ڕونیشیکردەوە، "پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ لەتورکیا یەکێکە لەپرۆژە ستراتیژیەکانی تورکیا، پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران کاتێک سەردانی تورکیای کرد، ئەو ھەنگاوەی تورکیای پێڕاگەیەنراوە".

ئەوەشی وت "ئەو پڕۆژەیە زیاتر لەچەند مانگێک بەر لەئێستا کاری لەسەرکراوەو کارەکانی بەکۆتاھاتوەو ئێستاش ھۆکاری گرتنەوەی ئاوەکە بۆ ئەوەیە کە بەنداوەکە ئاوی تێکراوەو ئێمە کاری پێدەکەین".



PM:02:40:05/06/2018