حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی لەبارەی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن پەسەندکرد

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن پەسەندکردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا،"" لیژنەکەی ئەنجومەنی وەزیران ساختەکاریی لە چەند بنکەیەکی دەنگدان ئاشکراکردووە و،  کۆمسیۆنیش لەسەر ئەوبابەتە بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ.

 وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن پەسەندکردووە کە بریتین لە:

١ـ ژماردنی دەستیی دەنگەکان لە تەواوی بنکەکانی دەنگدان کە بە ڕێژەی لە سەدا ٥ کەمتر نەبێت.

٢ ـ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوە و دەنگدانی تایبەتی ئاوارەکان بەهۆی بوونی ساختەکاریی گەورە.

٣ ـ ئەنجومەنی وەزیران دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕادەسپێرێت بە ڕاوەدونان و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی یارییان بە ئەنجامەکان کردووە.

٤ـ ئەنجومەنی وەزیران داوا لە داواکاری گشتیی دەکات لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی لیژنەکە سکاڵا بجوڵێنێت.

٥ـ ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی دەستەی نەزاهە دەکات بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند.

٦ ـ ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانەی بە گونجاوی دەبینێت.

٧ ـ وەکو ڕێوشوێنێکی پێشوەختە، هەر بەرپرسێکی کۆمسیۆن لە پلەی یاریدەدەری بەڕێوەبەر بە سەرەوە پێویستیان بە ڕەزامەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات.












PM:08:20:05/06/2018