بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کێشەی لێدەکەوێتەوە

ئەو گۆڕانکاریانەی مەکتەبی سیاسی ( دەستەی کارگێڕ ) لە بەرپرسەکانی خوار خۆیدا ئەنجامی داون، لە نێو سەرکردایەتی یەکێتیدا ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە.

لە رۆژانی رابردوودا مەکتەبی سیاسی یەکێتی ( دەستەی کارگێڕ ) بەرپرسی مەڵبەندەکانی ( چەمچەماڵ و گەرمیان و خانەقین و کۆیە و، بەپرسی لاوان و خوێندکاران ، بەپرسی نووسینگەی مەکتەبی سیاسی )، لابران، بەپێی زانیاریەکانی سپی، ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و لەنێویشیاندا ئەوانەی لە پۆستەکانیان لابراون، بەو بڕیارە ناڕازین.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەو کادیرە ناڕازیانەی سەرکردایەتی پێیانوایە کە لەدوای هەڵبژاردنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەوە، دەستەیەک نەماوە بەناوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیەوە، بەلآم ئەم بڕیارەی لادانی ئەو کادیرانە لەلایەن ئەو دەستەوە بەرپرسی دەستی کارگێری مەلا بەختیارەوە دراوەو نوسراوەکان واژووی ئەویان لەسەرە.

هەروەها ئەو ئەندام سەرکردایەتییە ناڕازیانە، پێیانوایە جۆرە بڕیارێکی لەو شێوەیە، دەبێت لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دا بدرێت، هەروەها ئەو لێپرسراوانە کە لەپۆستەکانیان لادەبرێن، دەبێت لە جێگایان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەندامی سەرکردایەتی بکرێتە بەرپرسیان، بەلآم هەندێک لە دانراوە تازەکان ئەندامی سەرکردایەتی نین. 

دەربارەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، سپی زانیوویەتی ئەو بڕیارانە هەروا بە ئاسانی جێبەجێناکرێن و ئاستەنگی جدی دێتە رێگای پراکتیزەکردنیان.

دەستەی کارگێڕی مەکەتەبی سیاسی هەریەک لە ( بەرازن ئەحمەد کوردە، راهبەری سەید برایم، شێرکۆ میروەیسی، د، جوان ئیحسان ، بڵێسە جەبار فەرمان) لە پۆستەکانیان بە بەهانەی جیاجیا دوورخرانەوە.   



PM:11:43:05/06/2018