لە هەولێر.. سێ ئافرەت لەسەر وێنەگرتنی نەشیاو دەستگیرکران

ھێزەکانی ئاسایشی ھەولێر ژمارەیەک ئافرەت دەستگیر دەکەن، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، پەیوەندییان لەگەڵ چەندان پیاو داناوە و دواتر وێنە و ڤیدیۆیان (لە حاڵەتی نەشیاودا) تۆمار کردوون و داوای پارەیان لێ کردوون. 

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، بە ماڵپەڕی باسی راگەیاندووە" لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٦٠ تاوانباری جۆراوجۆر دەستگیر کراون و لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر تۆمەتباری کوشتن و دزیکردن و ساختەکاریی جۆراوجۆر ھەن، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا وردەکارییەکانیان دەخەنە بەردەستی خەڵک.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر باسی لە تاوانەکانی تایبەت بە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، کە "یەکجار زۆرن".وتیشی: ”دوایین تاوانباران کە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراون، ٣ ئافرەتن، کە ھەوڵیان داوە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەند کەسێک ھەڵبخەڵەتێنن و لە مۆبایلەکان کاری نەشیاو بەرامبەر بە یەک ئەنجام بدەن و بە ڤیدیۆ و وێنە تۆماری بکەن، دواتر لەڕێگەی ئەو تۆمارانەوە فشار بکەن و وەک بازرگانییەک، ھەوڵی بەدەستھێنانی پارە بدەن".

ڕوونیشی کردەوە، کە تاوانەکەی ئەو باندە پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە و وەک بازرگانیکردن ئەنجامیان داوە و بۆ پارەیان بووە، بۆیە: ”ھەر سێ ئافرەتەکە دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا و ڕێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەکرێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە، زۆربەی ئەو تاوانبارانەی دەستگیر کراون، تاوانەکانیان لەناو ھەولێر و ھەندێکیشیان لە دەوروبەری ھەولێر ئەنجام داوە و سەرجەمیان دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و ڕێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر. 



PM:12:33:06/06/2018