کۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد.

پاش ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە دوو کۆبوونەوەی رابردوودا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پڕۆژەیاساکە کرد، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەبێ رێژەی یاسایی تەواو بێت تاوەکو پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە.

پێشتر هۆشیار عەبدوڵلا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە "سپی" راگەیاند، " فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق بە سەرجەم دامەزراوەکانی سەرۆکایەتییەوە لەگەڵ پارتی و یکێتی بە هەموو قورساییانەوە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە وا بڕیارە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، ئەنجامنەدرێت".

وتیشی،"جگە لە سەرۆککۆماری عێراق، پارتی و یەکێتی لیستی ناوی بەشداربوانی کۆبونەوەکەی رابردوی پەرلەمانیان هەم وەک قەوارەی سیاسی و هەم وەک ئەندامانی پەرلەمان وەرگرتووە و پەیوەندیان پێوە دەکەن، تاوەکو بەشداری لە کۆبونەوەکەدا نەکەن".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاشکراشیکرد،" لە ئێستادا وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی مەلابەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی ئەو حزبە و وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی فازل میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی لە شاری بەغدان، لە ئێستادا  لە هەوڵدان و پەیوەندیان کردووە بە هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆکی کوتلەی نەسر، کە هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراقە و ئەیاد عەلاوی سەرۆکی لیستی نیشتیمانی و چەن لیستێکی ترەوە، تاوەکو بەشداری لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا نەکەن .

جێی ئاماژەیە پڕۆژەیاساکە لە پێنج ماددە و هۆکاری دەرچوون پێکهاتووە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەند دەکات بە دووبارە هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست، لە هەموو بنکەکانی دەنگداندا  ئەوەش بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان.

هەر بەپێی پڕۆژەیاساکە دەنگی دەنگدەرانی دەرەوەی عێراق و دەنگی ئاوارەکان هەڵدەوەشێندرێنەوە و، بە پەسندکردنی لەپەرلەمان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" لەگەڵ ئەوەی گوشار هەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ ئەوەی پاشگەزیان بکەنەوە، بەڵام 179 ئەندامی پەرلەمان ئیمزایانکردووە کە ئامادە دەبن لەو کۆبوونەوەیە.



PM:05:00:06/06/2018