دەقی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد، كە بەژمارە (45) لە ساڵی 2013 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوو بووگرنترین خاڵیشی هەژماردنەوەی کۆی دەنگەکانی سەرتاسەری عێراقە.

لە هەمواركردنەكەدا بەناوی گەل و سەرۆكایەتی كۆمارەوە هاتووە، لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسەندكردنی لەلایەن سەركۆمارەوە، بەپشت بەستن بەحوكمەكانی بەندی یەكەمی مادەی 61 و بەندی سێیەمی مادەی 73ی دەستوور، یاسای هەمواری سێیەم بۆ یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەركرا.

لە مادەی یەكەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە كە مادەی 38 لە یاسای هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیەی خوارەوە هەموار دەكرێ:

"كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەند دەبێ بەدووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردنەكان لە سەرتاپای عێراق، ئەمەش بەسەرپەرشتی ئەنجوومەنی دادوەری باڵا و ئامادەبوونی بریكارەكانی كیانە سیاسییەكان و نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان.

هەروەها لە مادەی دووەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە:

ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی وڵات و دەنگدانە مەرجدارەكانی كەمپەكانی ئاوارەكان و جوڵەی نیشتەجێبووان لە پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین، نەینەوا و دیالە هەڵدەوەشێندرێنەوە، تەنها دەنگەكانی كەمینەكان نەبێ، ئەوانەی سیستەمی كۆتا دەیانگرێتەوە.

لە مادەی سێیەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە:

بڕیارەكانی ئەم یاسایە بەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2018دا جێبەجێ دەبێت.

هەروەها لە مادەی چوارەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە:

ئەم یاسایە لەو رۆژەوە جێبەجێ دەكرێ، كە دەنگی لەسەر دراوە.

لە كۆتایی یاسای هەمواركردنەكەشدا ئاماژە بەهۆكاری هەمواركردنەكە دراوە و تیایدا هاتووە كە بەهۆی ئەو پێشێلكارییە یاسایی و تەكنیكیانەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی رۆژی 12/5/2018ی گرتەوە، هەروەها بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی، بەشێوەیەك متمانە بەپاكی هەڵبژاردنەكان و دادوەری مسۆگەر بكات، هەروەها تاكو كۆمسیۆن بتوانێ دەنگەكان بەدەست جیابكاتەوە و بیانژمێرێتەوە، ئەم یاسایە دەركرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق بەئامادەبوونی 172 پەرلەمانتار، بڕیاری دا سەرجەم دەنگەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەدەست هەژمار بكرێنەوە.



PM:08:53:06/06/2018