ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاند بەهەموو شێوەیەك هاتنی سوپای توركیا بۆ شارەكە رەت دەكەنەوە.
ئەمڕۆ دوو ڕۆژ دوای ڕێكەوتنی ئەمریكا و توركیا لەبارەی كشانەوەی یەپەگە لە منبج و هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا، شەڕڤان دەروێش، وتەبێژی ئەنجوومەنەكە بەئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی رایگەیاند ئەنجوومەنەكە چاوەڕوانی ڕوونكردنەوەیە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە لەلایەن ئەمریكاوە سەركردایەتی دەكرێ، تا بزانن وردەكاری ئەم ڕێكەوتنەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە چیە لەبارەی منبجەوە.
هاوکات ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە و دووپاتی كردووەتەوە كە ئەوان توانایان هەیە منبج لە هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی بپارێزن، پێویست نیە توركیا بێت ئارامی و سەقامگیری منبج بشێوێنێت.
ئەنجوومەنەكە ئاماژەشی داوە كە پێویستە توركیا خەمێك لەم شارانەی سووریا بخوات كە دەستی بەسەردا گرتوون و تا ئێستە هەزاران ئاوارەی ئەم شارانە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.