ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن چەکی ئەتۆمی لە وڵاتەکەدا پەرەپێبدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند "ئاگاداری ئەو هەواڵانەین کە باس لە نیازی ئێران دەکەن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر و ڕێگە نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی "ئێران ئاگادارە کە ئێمە سوورین لەسەر ئەو بابەتە".

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە داوای لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی کرد مامەڵەی ئابوری لەگەڵ ئێراندا نەکەن ڕایگەیاند، فشاری دارایی پێشوەخت دەسەپێنن بەسەر ڕژێمی ئێراندا و تەنیا یەک بژاردەی دەخەنە بەردەست کە دەبێت چیتر پشتیوانی لە تیرۆر نەکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ٨ی مانگی ئایاردا لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە کە ئامانج لێی ڕاگرتنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بوو.



AM:09:23:07/06/2018