ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى ڕێوشوێنەکانى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى پەرلەمانى عێراق دەستپێکرد

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگى لەسەردراوە، ڕۆژى یەکشەممە کۆدەبنەوە و ئەو دادوەرانە دەستنیشان دەکەن کە کارەکانى ئەنجومەنى کۆمسیاران بەرێدەکەن.

ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، لیژنەیەک لە سەرۆکى داواکارى گشتى و سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیارى دادوەرى و سەرپەرشتیارێکى دادوەرى پێکدەهێنرێت، بۆ ئەوەى بەپەلە بچنە ئۆفیسەکانى کۆمسیۆن لە پارێزگاکان، بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان بەپێی هەموارى سێیەمى یاساى هەڵبژاردنەکان و گرتنەبەرى سەرجەم رێوشوێنەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقەکان و ئامێرو و زانیارییەکانى تایبەت بەپڕۆسەى دەنگدان.

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى راشیگەیاندووە، بە دەرچوونى هەموارى یاساى هەڵبژاردن، کارەکانى دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن رادەگیرێت، کە تایبەتە بە پێداچونەوە بەو تانانەى لەسەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون، تا رێوشوێنەکانى ژمارکردنەوە و جیاکردنەوەى دەستى دەنگەکان کۆتایی دێت.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەهۆى هەستیارى کارى دادوەرەکان و دڵنیاکردنەوەى راى گشتى و لایەنە بەشداربووەکانى هەڵبژاردن، ڕێگە بە هیچ لایەن و کەسێک نادرێت بچێتە ئەنجومەنى دادوەرى یان ئۆفیسەکانى کۆمسیۆن، یان پەیوەندى بە بەهەر دادوەرێکەوە بکات لەو بارەیەوە و ژمارەى تەلەفۆنى سەرجەم دادوەرەکانیش دادەخرێن.



AM:10:11:07/06/2018