کۆسرەت رەسوڵ بڕیارەکانی مەلا بەختیار ڕادەگرێت

یەکیتی نیشتیمانی بڕیاریدا کە بەرزکردنەوەی پلەو گواستنەوەو دانانی ئەندامەکانی لەسەرجەم ئۆرگانەکانی حزبەکەیدا، تەنیا بە رەزامەندی جێگری سکرتێری گشتی ئەنجامبدرێن.

لە نوسراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی"کەوتووەو واژوی کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لەسەرە تیایدا بڕیاردراوە، بەرزکردنەوەی پلەو گواستنەوەو دانانی هەڤالان لەسەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پێشنارکردنی هەڤالان بۆ پۆستەکان ئەنجام نادرێت بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی جێگری سکرتێری گشتی.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، ئەم بریارە لە رۆژی دەرچونییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە دەکاتە رۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٨.

جێی ئاماژەیە لە رۆژانی رابردوودا مەکتەبی سیاسی یەکێتی ( دەستەی کارگێڕ ) بەرپرسی مەڵبەندەکانی ( چەمچەماڵ و گەرمیان و خانەقین و کۆیە و، بەپرسی لاوان و خوێندکاران ، بەپرسی نووسینگەی مەکتەبی سیاسی )، لابران، بەپێی زانیاریەکانی سپی، ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و لەنێویشیاندا ئەوانەی لە پۆستەکانیان لابراون، بەو بڕیارە ناڕازین.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەو کادیرە ناڕازیانەی سەرکردایەتی پێیانوایە کە لەدوای هەڵبژاردنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی-یەوە، دەستەیەک نەماوە بەناوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیەوە، بەلآم ئەم بڕیارەی لادانی ئەو کادیرانە لەلایەن ئەو دەستەوە بەرپرسی دەستی کارگێری مەلا بەختیارەوە دراوەو نوسراوەکان واژووی ئەویان لەسەرە.

هەروەها ئەو ئەندام سەرکردایەتییە ناڕازیانە، پێیانوایە جۆرە بڕیارێکی لەو شێوەیە، دەبێت لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دا بدرێت، هەروەها ئەو لێپرسراوانە کە لەپۆستەکانیان لادەبرێن، دەبێت لە جێگایان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەندامی سەرکردایەتی بکرێتە بەرپرسیان، بەلآم هەندێک لە دانراوە تازەکان ئەندامی سەرکردایەتی نین. 

دەربارەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، "سپی" زانیوویەتی ئەو بڕیارانە هەروا بە ئاسانی جێبەجێناکرێن و ئاستەنگی جدی دێتە رێگای پراکتیزەکردنیان.

دەستەی کارگێڕی مەکەتەبی سیاسی هەریەک لە ( بەرازن ئەحمەد کوردە، راهبەری سەید برایم، شێرکۆ میروەیسی، د، جوان ئیحسان ، بڵێسە جەبار فەرمان) لە پۆستەکانیان بە بەهانەی جیاجیا دوورخرانەوە.   



PM:04:22:07/06/2018