کۆمسیۆن لەسەر بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق هاتە دەنگ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تانە لە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دەدات و بە نایاسایی وەسفی دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکاری یاسایی دەگرنە بەر بۆ گەیشتن بە راستییەکان.

 بەگویرەی راگەیەندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوەتەوە ئاماژەی بەوەداوە، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران مافی دەستووری خۆی دژ بە پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بەکاردەهێنێت".

کۆمیسیۆن ئاماژە بەوەشدەکات،" بڕگەی سێیەمی هەموارکردنی یاساکە نایاساییەو بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری دەکەی بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی و گەیشتن بە راستییەکان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆندا هاتووە، "رێوشوێنمان لەبەرامبەر کەمتەرخەمەکان گرتووەتەبەر و پرۆسەکە لەڕووی هونەری و یاسایی بێ کێشە بەڕێوەچووە".

هەروەها لەبارەی ژماردنەوەی دەستی ئەنجامەکانەوە کۆمستۆن ئاشکرای دەکات،"دژی ژماردنەوەی دەستیی نین بۆ دەنگەکانی هەڵبژاردن".

دوێنێ چوارشەممە لە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا بڕیاردرا 100%-ی دەنگەکان لە هەموو وێستگەکانی دەنگدان  بە وێستگە سووتاوەکانیشەوە بەدەست بژمێردرێتەوە، لەگەڵ رەتکردنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها بڕیاری ئەوەش درا، کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبوەشێتەوەو نۆ دادوەر بخرێتە جێگەی کۆمیسیارەکان و لەجێگەی سەرۆکی کۆمیسیۆنەکان لە هەر پارێزگایەکی عێراق دادوەرێک دادەنرێت. 



PM:04:46:07/06/2018