هەڵسوڕاوێکی دیاری گۆڕان داوای گۆڕینی رێکخەری گشتی دەکات

عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت "دەبێت رێكخەری گشتی و بەشێك لەئەندامانی خانەی راپەڕاندن بگۆڕدرێن". 

عەدنان عوسمان لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات "ڕێكەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كۆتایی هاتوە،‌ چونكە هەر لەسەرەتاوە تائێستا هیچ پابەندیەك بەو ڕێكەوتنە نەبوە و‌ لەدیوی یەكێتیشدا هێشتا ئەو سەركردایەتییە نییە كە ئامادەی جێبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتنە بێت". 

عەدنان کە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستانە، وتیشی "سەركردایەتی یەكێتی بەرپرسی یەكەمی شكستهێنانی رێككەوتنەكەیە". 

عەدنان عوسمان رەخنە لەهەڤاڵ ئەبوبەكر دەگرێت كە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پارێزگاری سلێمانییەو دەڵێ‌"ئەزمونی ئێمە لە ئیدارەدانی سلێمانی ئەزمونێكی شكستخواردو بوو". 

دەشڵێ‌ "ئێمە هیچمان نەكردوە بۆ پارێزگای سلێمانی و‌ ئەزمونێكی سەركەوتومان نەبوە لە بەڕێوەبردنی سلێمانی". 

"من یەكێكم لەوانەی داوای كشانەوەی گۆڕان لەحكومەتی خۆجێی سلێمانی دەكەم چونكە نوێنەرەكانی گۆڕان لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییە نەبوون بەتایبەت پارێزگاری سلێمانی كە‌دەبو كاری گەورەی بكردایە لەكاتی هێرشكردنە سەر گۆڕان و ساختەكردنی هەڵبژاردن و بردنی سندوقەكان، بۆیە من هیچ جیاوازییەك نابینم لەنێوان ئەو بەرپرسانەی ئێمە ‌(پارێزگاری سلێمانی) لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی پێشوتر سلێمانیان بەڕێوە بردوە بۆیە باشترین شت ئەوەیە گۆڕان بەشێك نەبێت لەم حكومەتە شكستخواردوە مادام نەیانتوانیوە ئەو بەرپرسارێتیە جێبەجێ بكەن" عەدنان عوسمان وای وت. 

وتیشی "لەكاتی هێرشكردنە سەر مەكۆی گۆڕان و بردنی سندوقەكانی دەنگدان و ئەو ساختەكاریەی لەهەڵبژاردن كرا ئەگەر من لەبری پارێزگاری ئێستای سلێمانی بومایە یا قبوڵم نەدەكرد و هەمو ڕێكارێكی پێویستی یاسایم دەگرتە بەر وەك سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ، یا دەست لەكاركێشانەوەم پێشكەش دەكرد".

ئاماژە بەوەش دەكات " باشترین شت ئەوەیە كە گۆڕان لەحكومەتی خۆجێی سلێمانی بكشێتەوە، چونكە من بەتەنها پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی یەكێتی ناكەم بەڵكو ئەدای لاوازی هەندێك لەبەرپرسەكانی گۆڕان بەشێكە لەو دۆخەی ئێستا دروست بوە". 

 لەبارەی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانیش، ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات "من داوام لەجڤاتی نیشتمانی كردوە كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندن و لیژنەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو ئەو بەرپرسانەی لەئیدارەی خۆجێی سلێمانی و ژورە پەیوەندیدارەكان بكرێت كە چۆن ئەم ساختەكارییەمان لێكرا و چۆن بەسەرماندا تێپەڕی؟! ئێمە پێشتر دەمانزانی ئەم حیزبانە ساختەكاری دەكەن بەڵام بۆچی گۆڕان ئەو ئامادەكاریەی نەكرد؟! بەڵام ئەوە جڤات دو كۆبونەوەی كردوە من لەم دو كۆبونەوەیە چاوەڕێ بوم ئەو دەستەیە پێكبهێنن بۆ هەڵسەنگاندنەكە وەڵامم بدەنەوە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەكراوە ". 

لەبارەی دەنگۆی گۆڕینی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانكاری لەخانەی ڕاپەڕاندن، عەدنان عوسمان دەڵێ‌ "ئەگەر گۆڕانكاری بكرێت دەبێت گۆڕانكاری بنەڕەتی بكرێت، ئێمە قۆناغی دوای مردنی كاك نەوشیروانمان تێپەڕاند، بۆیە دەبێت ئەوكەسەی هەڵدەبژێردرێت بۆ ڕێكخەری گشتی و دو لەسەر سێی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لەدەرەوەی كەسایەتیە كۆن و مێژویەكان بن، دەبێت دەموچاوێكی تازە بێت و و ‌خانەی ڕاپەڕاندنیش دەبێت گۆڕانكاری بنەڕەتی تێدابكرێت". 



PM:11:51:07/06/2018