سەرۆکی حکومەتی نەمسا ڕایگەیاند، بۆ رێگرکردن لە بڵاوبوونەوەی بیری ئیسلامی توندڕەو لە وڵاتەکەی ئەمڕۆ بڕیاردراوە بە داخستنی حەوت مزگەوت لە شاری ڤیەنا.
سیبەستیان کۆرز، سەرۆکی حکومەتی نەمسا ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت ببێتە ناوەندێک بۆ ئیسلامیە توندڕەوەکان، هەروەها ڕێگری دەکەن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ئەنجوومەن و فێرکاریەک کە ببێتە هۆی گەشەکردنی خوێندنگا ئاینییەکان لە نەمسا.
سەرۆکی حکومەتی نەمسا ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو مزگەوتانەی داخراون لەلایەن ناوەندی ئیسلامی تورکیاوە پاڵپشتی دەکران و ئەو وتاربێژانەشی دوورخراونەتەوە کە ژمارەیان ٤٠ کەسە دەبێت نەمسا جێبهێڵن چونکە بیری توندڕەویان بڵاوکردووەتەوە.
سیبەستیان کۆرز ئاماژەی بە ئەوەشکرد، پلانی وڵاتەکەی دژی ئیسلامیە توندڕەوەکان لە داهاتوودا زیاتر دەبێت و ئەم پرۆسەیەی بە یەکەمین هەنگاو ناوبرد.
وڵاتی نەمسا کە دەکەوێتە ناوەندی ئەوروپاوە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٥٦٠ هەزار کەسیان موسڵمانن و زۆرینەی موسڵمانەکانیش بەڕەچەڵەک چیچانی و بۆسنەیى و ئەلبانی و تورکن.
لە کاتی سەرهەڵدانی گروپی چەکدارانی داعش زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەو وڵاتە پەیوەندیان کردوە بە داعشەوە لە عێراق و سوریا و لە ساڵی ٢٠١٥شدا پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاریدا یاسا دەربکات دژی ئیسلامی توندڕەو لە نەمسا.