هەپەگە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیای ڕاگەیاند

هەپەگە ئاماری چالاكیەكانی خۆی لە چەند رۆژی رابردوو بڵاوكردەوە رایگەیاند "17 سەربازی توركیا و چەند بەكرێگیراوێك"یان كوشتووە.

لە راگەیەندراوێكدا هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە ئەنجامی چەند چالاكیەكی خۆیانی راگەیاند لە دژی سوپای توركیا و دەڵێت 17 سەرباز و چەند بەكرێگیراوێكیشمان كوشتووە.

لە راگەیەندراوەكەی هەپەگەدا باس لە ئەنجامدانی دوو چالاكیان دەكات لە رۆژی 6ی ئەم مانگە لە ناوچەی جولەمێرگ و تیایدا وەك خۆیان دەڵێن 15 سەرباز كوژراوە و زرێپۆشێكیشیان لەناوبردووە، هەمان رۆژ لە ناوچەی ماسیرۆی سەر بە وان بەكرێگیراوێكیش كوژراوە.

هەر لەو راگەیەندراوەدا باس لەوە دەكات كە رۆژی چواری مانگ لە ناوچەی ئێلیه دوو سەربازی توركیا و چوار بەكرێگیراویشیان كوشتووە. 

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی هەپەگەدا باس لە هێرشە ئاسمانیەكانی سوپای توركیا كراوە بۆسەر ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پەكەكە "هەرێمی پاراستنی میدیا" دەڵێت "فرۆكە جەنگیەكانی سوپای توركیا گوندی بێپالای قەندیل، گردی كاركەری ناوچەی زاپ و خواكوركیان بۆردوومان كرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا ئاگر لە چیاكانی خواكورك كەوتەوە".



PM:05:20:08/06/2018