سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش كه لە زیندانی پیتی ئێف لە ئەدیرنە بە دیل گیراوە، بۆ کەناڵی ZDFی ئەڵمانی دوا و باسی هه‌لومه‌رجی زیندان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا کرد. دەمیرتاش دەستنیشانی کرد کە دۆخی زیندانەکان بە گشتی خراپه و وتی: «بیناسازیی زیندانەکان و شێوازی مامەڵەی به‌رپرسانی زیندانه‌كانی پیتی ئێف كه له‌ژێر ڕێوشوێنێكی توندی ئه‌منیدان، بۆ خۆی شێوازێکە لە گۆشەگیری و ئەشکەنجە. دەرفەتەکانیشمان زۆر کەمن.»
«ڕۆژانە ٤ کاتژمێر خه‌وتن بەسە»
دەمیرتاش دەستنیشانی کرد کە لە زینداندا دەرفەتی كه‌مپینی هەڵبژاردن نییه، بەڵام ئەوەی لەدەستی بێت ده‌یكات. وتیشی: «لەم جێگە تەنگەدا هەوڵ دەدەم كاره‌كانم بکەم. ڕۆژانە ٤ کاتژمێر خه‌وتن بۆ من بەسە.»
دەمیرتاش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد کە لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە هەوڵ دەدات بۆچوونه‌كانی بە خەڵکی دەرەوەی زیندان بگەیەنێت و وەڵامی ئه‌و پەیامانه‌ش بداته‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی زیندان هاوڵاتییان ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن. ده‌رباره‌ی پرسیاری «چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌ی ئازاد بكرێی یان نا؟» به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی دایه‌وه:
«ئەگەر فشار نەخرێتە سەر دادگه، لەهەر ساتێکدا ده‌كرێت ئازاد بكرێم. بەشێوەی ئاسایی و قانوونی وه‌هایه. بەڵام ده‌زگه‌ی دادوەری بەگوێرەی یاسا ناجوڵێتەوە، بەڵکو بە گوێرەی خواستی دەسەڵاتداره‌تی و ئەردۆغان کار دەکات. بۆ ئەوەی من ئازاد نەکرێم، ئەردۆغان كه‌مپین بەڕێوەدەبات و ڕۆژانە په‌یام ده‌داته دادگه‌كان.»
«له‌ژێر فشاری دەسەڵاتداره‌تیدا دۆسیه بۆ من کرانه‌وه»
دەمیرتاش بە بیری هێنایەوە کە نزیکەی ٢٠ دۆسیه له دژی ئەو کراونەتەوە و هەمووشیان به‌هۆی گوتارە سیاسییەکانیه‌تی. گوتیشی: ئەم دۆسیانە له‌ژێر فشار و هەوڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی كرانه‌وه. هەمان فشار هێشتاش بەردەوامە. هەتا ئێستا نەمدیوە کە لێپرسینەوەیەکی دادپەروەرانەم له‌گه‌ڵ بكرێت.
«من زیندانی نیم، بەڵکو دیلێكی سیاسیم»
لە بەردەوامی قسه‌كانیدا، دەمیرتاش گوتی: دەربارەی من حووکمێکی سزادان نییە کە لە لایەن دادگه هه‌رێمییه‌كانه‌وه لەسەر من درابێت. ماوەی ٢٠ مانگە هێشتا ده‌ستیان به لێپرسینه‌وه ده‌رباره‌ی ژمارەیەکی زۆری دۆسیە نه‌كردووه. لەم دۆسیەیەدا کە وەک کەسێکی زیندانی لێپرسینەوەم له‌گه‌ڵ دەکەن، ماوەی ٢٠ مانگە تەنها دوو جار بردوومیانەتە بەردەم دادوەر. به‌بێ ئه‌وه‌ی دادگه‌ییم بكه‌م، به به‌ندكراوی ده‌مهێڵنه‌وه. لەبەرئەوە من زیندانییەک نیم، بەڵکو دیلێكی سیاسیم.
«دادپەروەریی لە لای ئەردۆغان نییە»
دەمیرتاش دەربارەی وەڵامی توندی وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلوو ده‌رباره‌ی داواكاریی ئازادكردنی ده‌میرتاش، ڕایگەیاند: بە كه‌مپینێك کە ئەردۆغان سه‌ركێشی دەکات، دژ بە من کەشێکی پەلاماردەرانەیان دروستکردووە. هەوڵ دەدەن فشار بخەنە سەر دادگه‌کان. ئەوەش پیشانی دەدات کە ئەردۆغان هیچ خێرێکی بۆ ئەم وڵاتە نییە.
دەمیرتاش گوتی: ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە سه‌روه‌ریی یاسا و دادپه‌روه‌ری نییه. سیاسه‌تمه‌دارێكی وه‌هایه كه له دژی ڕكابه‌رێكی زیندانیكراوی خۆی، كه‌مپەینی په‌لاماردان به‌ڕێوه‌ده‌بات و باكیشی نییه. لە سیاسەتمەدارێکی وەک ئەردۆغان هیوای دیموکراتی بەدی ناکرێت.
«هیچ هیوایەکم به ئەورووپا و ئەڵمانیا نییه»
لە وەڵامی پرسیاری «ئێوە هەڵوێست و مامه‌ڵه‌ی وه‌ڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەڵمانیا دەربارەی ئەو دۆسیانەی له دژتان کراوەتەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟» دەمیرتاش گوتی: وەک خۆم، هیچ هیوایەکم بە وەڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و حکوومەتی ئەڵمانیا نییە. با نەبنە به‌ربه‌ست، ئەوەندە بەسە. نەزانییە کە مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ڕێزگرتن له دیموكراتی و مافه‌كانی مرۆڤ له‌و حکوومه‌تانه بكات كه بنه‌ما و پێوه‌ره‌كانی خۆیان پێشێل ده‌كه‌ن. من باوەڕم بە گەلەکەی خۆم، بە هێزە دیموکراتییەکانی ئه‌ورووپا و گه‌لانی ئەوروپا هه‌یه.
«کاری سەرەکیمان دانانی دەستوورێكی بنه‌ڕه‌تیی نوێیە»
لە بەردەوامی قسەکانیدا، دەمیرتاش ڕایگەیاند، ئەگەر ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەون، کاری سەرەکییان نووسینەوەی «دەستووری بنه‌ڕه‌تیی نوێ» ده‌بێت بۆ تورکیا.
«ئێمە پشتگیریی پڕۆسه‌ی درووستكردنی دەستوورێکی بنه‌ڕه‌تیی نوێ ده‌كه‌ین کە مافەکانی هەموو به‌شه‌كانی کۆمەڵگه و هاوڵاتیان بپارێزێت، گەرەنتی ئازادی، یەکسانی، سەربەخۆیی دادوەری، دامه‌زراوه‌ی پەرلەمان، بەڕێوەبەرایه‌تیی به‌هێزی هەرێمی، ئازادی ژن، مافەکانی ژینگه، مافەکانی ئاژەڵان و هەموو بواره‌كانی ئازادی بکات.»
دەمیرتاش بەبیری خستەوە کە هەڵبژاردنەکان له‌نێو هه‌لومه‌رجی باری نائاساییدا ئەنجام دەدرێن و گوتی: لە به‌رانبه‌ر ئێمەدا دەسەڵاتداره‌تییه‌ك هەیە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت. لەبەرئەوە کە نەک تەنها لە به‌رانبه‌ر دەنگدەرانی هەدەپە، بەڵکو له‌وانه‌یه له هه‌موو شوێنێک فرتوفێڵ بكرێن.
سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش گوتیشی: ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەم دۆخە بگۆڕن، ده‌بێ لە ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، پاشانیش خاوەنداره‌تی لە دەنگەکانی خۆیان بکەن.
«دۆخی مێدیا خراپه»
دەربارەی دۆخی مێدیا لە تورکیا، دەمیرتاش دەستنیشانی کرد کە مێدیا لە دۆخێکی خراپدایه و گوتی: جگە لە یەک دوو دانە دەزگه‌ی مێدیایی، ئەوانی دیكه هەموویان بوونەتە یەک كۆڕۆ کە هەمان گۆرانی ناخۆش دەڵێن.
دەمیرتاش هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، کە ئەو و هەدەپە لە مێدیادا دەرناکەون و گوتی: له‌وانه‌یه کە فشاریان بخرێته سەر، بەڵام ئەوەی کە ئەوان ئێستا ئەنجامی دەدەن، شایه‌نی قبووڵكردن نییه.
دەمیرتاش باسی لە گۆڕینی شوێنی دەنگدان لە شاره‌كانی باكووری کوردستان كرد و گوتی: ئاکەپە هەوڵ دەدات ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی خواستی خۆی دیاری بکات. بەهۆی ئه‌وه‌ی هاوپەیمانه‌تی لەگەڵ مەهەپە پێکهێنا، زۆر دەنگی کوردانی لەدەستدا. بەم شێوازە (بەگۆڕینی شوێنی دەنگدان لە باکووری کوردستان) دەیەوێت ئه‌و ده‌نگانه به‌ده‌ستبێنێته‌وه كه له‌ده‌ستیداون.
دەمیرتاش ده‌ستنیشانیشی كرد كه ئه‌مه ئابڕووچوونە و داوای لە هەموو کەس کرد کە ڕۆژی هەڵبژاردن خاوەنداره‌تی لە دەنگی خۆیان بکەن.
«هەدەپە پارتی یەکلاکەرەوەیە»
دەمیرتاش جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هه‌ده‌په له هه‌ڵبژاردندا پارتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و گوتی: من ئەمە ناڵێم، بیرکاری ئەمە دەڵێت. دەنگدەرانی هەدەپە چ لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و چ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا یەکلاکەرەوەن.
«هەدەپە لە بەندی هه‌ڵبژاردندا نائاڵقێت، بەڵام دەتوانن بیئاڵقێنن»
سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه هەدەپە كێشه‌ی به‌ندی هه‌ڵبژاردنی نییه و گوتی: هه‌ده‌په له به‌ندی هه‌ڵبژاردندا نائاڵقێت (گیرناخوات)، به‌ڵام ده‌توانرێت بیئاڵقێنن (وابكه‌ن گیر بخوات) باری نائاساییش دەرفەت بۆ ئەوە دەکاتەوە. بەڵام ئه‌مه ته‌نیا كێشه‌ی هەدەپە نییە. بۆ ئەوەی ڕێگری له‌مه بكرێت، هەندێک ده‌توانن ده‌نگی خۆیان بدەن، هەندێکی دیكه‌ش ده‌توانن ڕێگری لە دزینی دەنگەکانی هەدەپە بكه‌ن.
پەیامێکی سەرنجڕاکێشی بۆ مێرکل نارد
دەمیرتاش لە ڕێی ئەو تەلەفزیۆنە ئەڵمانییەوە، پەیامێکی ئاڕاستەی حکوومەتی ئەڵمانیا کرد و گوتی: سڵاوی من له ڕاوێژكار (سه‌رۆكی حكوومه‌ت) مێرکڵ بكه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌و له ئێستاوە ئەردۆغانی بانگهێشت كردووه بۆ دوای هه‌ڵبژاردن. بەڵام ناچار ده‌بێت وەک سەرۆک کۆمارێكی خانەنشینبوو، ماڵئاوایی لە ئەردۆغان بکات.
لە ئاژانسی فوراتنیوز بلآوکراوەتەوە