د. شێرکۆ کرمانج: داخۆ بەمانەوەی ٦ کورسیی کورد کەرکوک دەگەڕێتەوە سەر کوردستان؟

توێژەری دیاری کورد، لەسەر پرسی کەرکوک و ساختەکاری هەڵبژاردن، د. شێرکۆ کرمانج دەڵێت " داخۆ بەمانەوەی ئەو ٦ کورسیەی کورد وەک خۆی کەرکوک دەگەڕێتەوە سەر کوردستان؟".
د. شێرکۆ کرمانج  لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " ئێستا کاتی بەخۆداچوونەوەیە، کاتی ئەوەیە کە کورد لەوە بگات کە ھێزگەلێک لەوپەڕی بەھێزیدا نەتوانێت نیشتیمان بپارێزێت لەوپەڕی بێھێزیدا ناتوانێت ڕزگاری بکاتەوەو بیگێڕێتەوە باوەشی نیشتیمان".
دەقی نووسینەکە..

داخۆ بەمانەوەی ئەو ٦ کورسیەی کورد وەک خۆی کەرکوک دەگەڕێتەوە سەر کوردستان؟

پێش وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت کورد ئەوە بەبیرخۆی بێنێتەوە کە یەکێتیی و پارتی، نوێنەرانی کورد، چ دەسەڵاتێکیان ھەبوو پێش شکستی ئۆکتۆبەر، با ھەندێکیان بۆ وەبیرھێنانەوە بژمێرین:

یەکەم، تەواوی ناوچە کوردییەکانی پارێزگای کەرکوک لەڕووی ئیداری و ئەمنیەوە لەژێر دەسەڵاتی کورد بوو.
دووەم، پارێزگار، کە بڕیاربەدەستی یەکەمە لە پارێزگاکە، لەگەڵ کەسی یەکەمی بەشێکی زۆر لە دامەزراوە سەرەکیەکان، کورد بوون.
سێیەم، ئاسایشی پارتی و یەکێتیی کە گەورەترین و باڵادەسترین دامەزراوەی ئەمنی شارەکە بوون لە کورد بوون.
چوارەم، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نەک ھەر تاکە ھێزی سەربازی پاراستنی شارەکە بوو کەچی سەنگەرەکانیان تۆکمەبوون و بە ھەزاران پێشمەرگەی گیانفیدا پڕکرابوونەوە ھەر ھەموویان کورد بوون.
پێنجەم، لە ١٢ ئەندام پەرلەمانی عێراق ٨ ئەندامیان کوردبوون.
شەشەم، ژمارەی دانیشتوانی شارەکە زۆرینەی کوردبوون.
حەوتەم، تەواوی چاڵە نەوتیەکانی کەرکوک بە دەرھێنان و ناردن و فرۆشتنی نەوتەکەی لەژێر دەسەڵاتی کورد بوو.

لەدوای شکستی ئۆکتۆبەر ھەموو ئەوانەی کە ئاماژەیان پێکرا لەدەست کورد دەرچوون و کەوتونەتە دەست نەیارانی کوردەوە.

ئێستا ئەم بارودۆخەی پێش شکستی ئۆکتۆبەر بێنەبەر چاوی خۆت و بەراوردی بکە بە بارودۆخی دوای شکستەکە ئەوسا نەک ھەر درکی لاری ھاوکێشەکان بەزەرەری کورد دەکەیت بەڵکو سەختی ھەڵگێرانەوەی بارودۆخەکەشت بۆ ڕون دەبێتەوە.

بابزانین ئەوانەی کە ترسی لەدەستدانی کەرکوکیان ھەیە ئارگیومێنتەکەیان چەند مەنتیقیە.

ئەگەر دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە ئەگەری ھەیە کورد بەگشتی ٢ کورسی لە کەرکوک لەدەست بدات و ببێتە خاوەنی ٤ کورسی.

پرسیار ئەوەیە یەکێتیی و پارتی، یان با بڵێین کورد، بە بوونی ھەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە لە حەوت خاڵەکەی سەرەوە ئاماژەیانپێکرا، کە ھەندێکیان لە ٢٠٠٣ وە، واتە ١٥ ساڵە، مسۆگەرکرابوون و ھەندێکیشیان لە ٢٠١٤، واتە ٣ ساڵە، فەراھەمکرابوون نەیانتوانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بگێڕنەوە سەر ھەرێم چ مەنتیقێک ئەوە قەبوڵدەکات کە بە زیادبوونی ٢ یان ٣ ئەندام پەرلەمانی کورد لە عێراق کەرکوک لەدەست نەدرێت یان بگێڕدرێتەوە سەر ھەرێم.

ئەمە دەبێت ئەو پرسیارە بێت کە ھەموو کوردێک لە یەکێتیی پارتی بکات. ئێوە لەوپەڕی باڵادەستیا نەتانتوانی بەرگری لە کەرکوک و کەرکوکیەکان بکەن ئاخر بەو باڵشکاویە و بە زیادبوون یان کەمبوونی ٢ ئەندام پەرلەمانی دیکە دەتوانن چ بکەن؟ ئەم دوو ئەندام پەرلەمانە چ لە ھاوکێشە تێکشکاوەکەی دوای شکستی ئۆکتۆبەر دەگۆڕێت؟

ئێستا کاتی بەخۆداچوونەوەیە، کاتی ئەوەیە کە کورد لەوە بگات کە ھێزگەلێک لەوپەڕی بەھێزیدا نەتوانێت نیشتیمان بپارێزێت لەوپەڕی بێھێزیدا ناتوانێت ڕزگاری بکاتەوەو بیگێڕێتەوە باوەشی نیشتیمان.

بۆ شەیرو بڵاوکردنەوەیە

تکایە ڕای خۆت سەرنج بنوسە بەڵام خۆت لە وشە و دەربڕینی ناشیرین و ناشایستە بپارێزە



PM:04:08:09/06/2018