سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر فوئاد مەعسوم لە کۆشکی سەلام لە بەغداد سەرۆکایەتیی کۆبونەوەیەکی کرد کە ژمارەیەک لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی لەخۆگرتبو، بەپێی بەیانی ئەو کۆبوونەوەیە سەرۆک کۆمار داوا دەکات رێز لە دەستورو دەنگی دەنگدەران بگیرێت.
بەیان نامە
ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٨/٦/٩ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لە کۆشکی سەلام لە بەغداد سەرۆکایەتیی کۆبونەوەیەکی کرد کە ژمارەیەک لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی لەخۆگرتبو بە ئامادەبونی دکتۆر سەلیم جبوریی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردو جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنەکە.
لە کۆبونەوەکەدا رەوت و رێچکەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم دواییە و ئەنجامەکانی و هەموارکردنە قانونییەکان کە ئەنجومەنی نوێنەران کردنی و لێکەوتەکانی ئەو رێوشوێنانە گفتوگۆی راشکاوانەیان لە بارەوەکرا.
زۆربەی ئامادەبوان دوپاتیان کردەوە کە گرنگە بە شێوەیەکی لێپرسراوانە و جدی کاربکرێت بۆ لە بۆتەدان و چارەسەرکردنی هەر کاردانەوە و بەرکەوتێک و پاراستنی ئۆقرەیی سیاسیی و ئەمنیی و، رێزگرتنی دەنگی دەنگدەران و پابەندبون بە دەستور و قانونە پەیڕەوکراو و کارپێکراوەکانیش، هاوکات چەسپاندنی پرەنسیبی جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکان و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ دروست نەبونی هیچ بۆشاییەکی دەستورییش بە پێویست زانرا.