پۆلیسی هەولێر پلانی ئەمنی جەژنی راگەیاند

بەڕێوەبەرای پۆلیسی هەولێر، عەبدولخالق تەلعەت، ئاشکرای کرد کە بە هەماهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان داڕشتووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، لیوای عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند " دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و دەوروبەری، بە هەماهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی و سەرجەم هێزە تەناهییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان داڕشتووە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر وتیشی "پلانە ئەمنییەكە لە پێنج شەممەوە تا دوای جەژن بەردەوام دەبێت و جگە لەوەی تیمەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە دەرەوە و ناوەوەی شار بڵاوەیان پێ دەكرێت، لەناو كۆڵان و گەڕەكەكانیشدا مەفرەزەكانی هێزە هاوبەشە ئەمنییەكە، سەر و ماڵی هاونیشتمانیان دەپارێزن و دۆخی تەناهی دەخەنە ژێر كۆنتڕۆڵەوە”.

ناوبراو پێشبینی دەكات لە ڕۆژانی جەژندا بە هەزاران كەس بە مەبەستی پیرۆزكردنی جەژن و بەسەربردنی كاتێكی خۆش، بێنە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.



PM:04:47:12/06/2018