خوێندنی باڵا ٢٠ سكۆلەرشیپ بۆ خوێندكارانی بیانی ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم ٢٠ سكۆلەرشیپی بۆ خوازیارانی نێودەوڵەتی بۆ تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس لە چەند بوارێکدا بۆ خوێندکارانی بیانی راگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتیخوێدنی باڵا، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، لە چوارچێوەی پرۆگرامی كورد سكۆلەرشیپ و،لە دەستپێشخەرییەكی نوێی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ بایەخدان بەزمان و ئەدەب و كەلتوری كوردی، وەزارەتەكەمان (٢٠) سكۆلەرشیپ بۆ خوازیارانی نێودەوڵەتی ( جگە لە نەتەوەی كورد و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و ئێراق)  بۆ تەواوكردنی خوێندنی (بەكالۆریۆس) لە بوارەكانی زمان و ئەدەب و دیراساتی كوردی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) ڕادەگەێنێت.

مەرجەكانی پێشكەشكردن بۆ كورد سكۆلەرشیپ:

پێویستە پێشكەشكار هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بێت، بۆ نمونە بەكالۆریای نیشتیمانی، تاقكردنەوەی (SAT1 and SAT2)، (A-Level)، یان هاوكاتەكەی لە سیستمی خوێندنی وڵاتانی تر.

پێویستە پشتگیری دوو مامۆستای خوێندنگە یان شوێنی كاركردنەكەی پێشكەش بكات و كۆپی ئۆرجیناڵی بڕوانامەكانی بەنمرەوە پێشكەش بكات.

پێویستە پێشكەشكار لانی كەم ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لە (٤.٥)ی ئایڵتس یان هاوتاكەی لە تاقیكردنەوە ستانداردەكانی دیكەی توانستی زمان كەمتر نەبێت.

خوێندن لە ئاستی بەكالۆریۆس بە درێژایی ماوەی خوێندنەكە بەزمانی كوردی دەبێت.

ماوەی خوێندن چوار ساڵە، جگە لە ساڵی یەكەم كە ساڵی ئامادەكارییە (فاوندەیشن) و تایبەت دەبێت بە فێربوونی زمانی كوردی و پەرەپێدانی شارەزایی كەلتوریی و پەیوەندیكردن.

خوێندنەكەی لە یەكێك لەم زانكۆیانە (سەڵاحەدین/هەولێر، سلێمانی، دهۆك، سۆران و كۆیە) دەبێت.
 
پشتیوانی داریی بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەركی كرێی خوێندنەكەیان دەگرێتە ئەستۆ بە درێژایی  ماوەی خوێندنەكەیان و ساڵی ئامادەكاری (فاوندەیشن).

مانگانە بڕی (٦٠٠$) بۆ بژێوی ژیان، بەپێی ستانداردی ژیان لە هەرێمی كوردستان بۆ یەك كەس پێ دەدرێت.

دابینكردنی شوێنی مانەوەیان (بەشی ناوخۆیی).

ساڵانە (١٠٠٠) دۆلار بۆ كاندید خەرج دەكرێ بۆ خەرجی سەفەر، جگە لە وڵاتانی كیشوەری  ئەمریكا و ئوستورالیا، كە ساڵانە بڕی (١٥٠٠) دۆلاریان بۆ خەرجدەكرێت وەك خەرجی سەفەر.

دابینكردنی سەرجەم خەرجیەكانی پرۆسەی وەرگرتنی (ڤیزا) و (مانەوە) بۆ كاندید لە هەرێمی كوردستان.

ئەو كاندیدەی بۆ یەكەمین جار دەگاتە هەرێمی كوردستان لەلایەن تیمی تایبەتەوە پێشوازی و گواستنەوەی لە فرۆكەخان  بۆ دەكرێت و دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی مانەوەی.

بیمەی تەندروستی: ئەم بیمەیە تەنها بۆ چارەسەركردنە لەناوەوەی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی بریتیە لە (٥٠٠) دۆلار بۆ ساڵێك وكاندیدەكە خۆی ئازادە لە هەڵبراژدنی كۆمپانیای تایبەت بە دەستەبەركردنی بیمەی تەندروستی، ئەم بیمەیە چارەسەركردن لە دەرەوەی وڵات ناگرێتەوە.

ئەم سكۆلەرشیپە بۆ ماوەی ٤ ساڵی ئەكادیمیە ئەگەر كاندیدەكە سەركەوتوو نەبوو لە ماوەی دیاری كراو، هەر ماوەیەكی زیاتر لە ماوەی ٤ ساڵ (لە ڕووی كرێی خوێندن و بژێوی ژیان و دەرماڵەی سەفەر و بیمەی تەندروستی) لە ئەستۆی كاندید دەبێت.



PM:08:40:13/06/2018