سەرحەد قادر:ئەگەر گوندە کاکەییەکان چۆڵ بکرێن، چەکدارانی داعش بە ئاسانی دەتوانن بێنە ناو داقووق و تازە

 بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک رایدەگەیەنێت، ئەگەر گوندە کاکەییەکان چۆڵ بکرێن، ئەوا چەکدارانی داعش بە ئاسانی دەتوانن بێنە ناو داقووق و تازەو هێڵی ستراتیژی کەرکووک بەغدا بگرن.

عەمید سەرحەد قادر لە لە میاننی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بە بوونی مەترسی داعش لەسەر ناوچە کاکەیی نشینەکان لە کەرکووک کرد و رایگەیاند: "ئەو گوندە کاکەییانە هەموو کاتێک وەکو هێزێ بوونە و بەرگریان لەخۆیانکردووە، کاکەییەکان پێش داعشیش لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی وەکو قاعیدە و ئەنسار هەمیشە پەلاماردراون و خەڵکیان لێ شەهیدکردن و رفێندراون".

وتیشی،" کاکەییەکان پێش شەڕی داعش زیاتر لە 100 شەهیدیان هەبوو، لە شەڕی داعشیشدا برایانی کاکەیی رۆڵێکی زۆر باشیان هەبوو، بەداخەوە ئێستا وەکو پێویست هێز لەو سنوورەدا نییە، بۆیە لەلایەن داعشەوە پەلامار دەدرێن، کاکەییەکان هەم لەبەر ئایینەکەیان و هەم لەبەر ئەوەی کوردن، هەمیشە ئامانجی یەکەمی گرووپە تیرۆریستییەکان بوون، بە کوشتن، رفاندن، ماڵ سووتاندن و ئیهانەکردن بۆ ئەوەی لەو سنوورە دەریان بکەن".

سەرحەد قادر ئەوەشی بە روداو وتووە، کە "ئەو گوندانەی برا کاکەییەکان زیاتر کەوتوونەتە سنووری قەزای داقووق، سنووری قەزای داقووقیش رێگای ستراتیژی بەغدا کەرکووکە، ئەگەر ئەو گوندە کاکەییانە لەوێ نەمێنن، چەکدارانی داعش زۆر بەئاسانی دەتوانن بێنە نێو قەزای داقووق و رێگای ستراتیژی بەغدا کەرکووک بگرن".

سەرحەد قادر، دەشڵێت، "بە چۆڵکردنی ئەو گوندە کاکەییانە، لەڕووی سەربازییەوە زۆر خراپە، بۆیە دەبێت هێزە عێراقییەکان کە لەو سنوورەن زۆر بە وردی رەچاوی ئەوە بکەن، ئەگەر ئەو چۆڵ بکرێت چەکدارانی داعش بە ئاسانی دەتوانن بێنە ناو قەزای داقووق و ناحیەی تازەو هێڵی ستراتیژی کەرکووک بەغدا بگرن".

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک لەبارەی پاراستنی ئەو ناوچانە لەلایەن پۆلیسی کەرکوکەوە باسی لەوەكرد،"کە دەسەڵات لای پۆلیسی فیداڵی و چەکدارانی حەشدی شەعبی و دژە تیرۆرە، هێزەکان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکاندان، پۆلیسی کەرکووک هیچ دەسەڵاتێکی نییە".


PM:09:22:13/06/2018