وێستگەیەک لە ژیانی کۆچکردوو عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی

شەوی چوارشەممە عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی شاری پزیشکی فاروق لە سلێمانی لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
وابڕیاره‌ ته‌رمی عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی رۆژی پێنجشەممە له‌مزگه‌وتی ئه‌حمه‌دی حاجی به‌ڕێبكرێت بۆ گردی سه‌لیم  له‌شاری سلێمانی و له‌وێدا بە خاک بسپێردرێت.

وێستگەیەک لە ژیانی کۆچکردوو عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی

عه‌بدولره‌زاق عه‌زیز میرزا ناسراو به‌ (عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی) لە ساڵی 1945 لەدایكبووە، لە ساڵی 1959 و لە تەمەنی 14 تێکەڵ بە دنیای سیاسەت بووەو پەیوەندی کردووە بە ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەڵام بەهۆی بچووكی تەمەنیەوە وەرگرتنی وەك ئەندام بۆ ساڵی 1961 دوادەخرێت، لەو سەروبەندەدا وەك خوێندكارێك لە ڕیزەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستاندا كاری كردووە، پاش هەڵگیرسانی شەر لە كوردستان لە ساڵی 1963 و لەبەریەكهەڵوەشانەوەی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیان خۆی و نەجاتی حەمە ڕەق و محەمەد سدیق پێنجوێنی و ڕەمزی تەقی و جەمیلە سابیر و نەزیرە محەمەد عەلی لە بەغدا سكرتاریەتێكی كاتیان دامەزراند.

هەروەها لە ساڵی 1963 بە گومانی پەیوەندی بە ڕێكخستنەكانی پارتیەوە دەستگیركراو بەەو هۆیەوە ساڵێكی خوێندنی لەكیس چوو، ساڵی 1964 و دوای كودەتاكەی عەبدولسەلام عارف ئازاد كرا و گەڕایەوە سەر خوێندنەكەی، دواجار لەساڵی 1967 خوێندنی زانكۆی تەواو كرد و هەو ئەو ساڵە لە ڕۆژنامەی نور كە باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەری دەكرد وەك ژمێریار دامەزرا.

ناوبراو ساڵی 1970 دەبێتە فەرمانبەر لە كارگەی پوختەكردنی توتن لە بەغدا، ساڵی 1971 دوای یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی لاوانی كوردستان و بۆ ساڵی دواتر بووە سكرتێری گشتی یەكێتی لاوانی كوردستان، ساڵی 1974 لە گەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕ لە نێوان كورد و ڕژێمی بەعسدا پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەكات و تا هەرەسهێنانی شۆڕش لە ساڵی 1975 بەردەوام بوو لە سەر كارەكەی وەك سكرتێری گشتی یەكێتی لاوانی كوردستان.

پاش هەرەسی شۆڕش لە ساڵی 1975 لە شاری نەغەدە گیرسایەوە، هەر ئەو ساڵە وەك نوێنەری یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە گەڵ خوالێخۆش بوو عادل موراد چوو بۆ سوریا و لەوێ پەیوەندیان بە سەرۆك مام جەلالەوە كرد كە سەرگەرمی پڕۆژەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، وەك دوو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بەشداربوون لە دامەزراندنی یەكێتیدا، لەو ماوەیەدا لێپرسراوێتی كەمپی قامیشلۆی پێ سپێردرا كە كەمپێك بوو ئەركی سەرەكی ڕێكخستن و مەشق پێكردنی مەفرەزەكانی پێشمەرگەی پارتیزان بوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری لە كوردستان.

ساڵی 1977 سوریای بەجێهێشت و چووە بەریتانیا، ساڵی 1979 گەڕایەوە سوریاو لەوێوە لە ڕێگەی ئێرانەوە گەڕایەوە بۆ كوردستان و لە خڕی ناوزەنگ گیرسایەوە، هەر ئەو ساڵە لە گەڵ دكتۆر فوئاد مەعسوم و موحسین عەلی ئەكبەڕ بەشدار بوو لە بەڕێوەبردنی ئۆفیسی پەیوەندیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە تاران، ساڵی 1981 دوا بەدوای گرژبوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئۆفیسەكەیان داخست و عەبدولڕەزاق عەزیز میرزایان دەستگیركرد و بۆ ماوەی 9 مانگ خرایە زیندانەوە، دواتر بە هەوڵ و ڕەنجی سەرۆك مام جەلال و دەستوەردانی لێپرسراوانی لیبیا و سوریا لە ساڵی 1982 دا ئازاد كرا، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئێرانی بەجێهێشت و ڕووی كردەوە سوریا و تا ساڵی 1984 لەوێ مایەوە، دواتر چوو بۆ وڵاتی سویدو لەوێ نیشتەجێ بوو.

لە كۆتایی ساڵی 1992 دا گەڕایەوە كوردستان و لە مەڵبەندی یەكی ڕێكخستنی سلێمانی پلەی كارگێڕی مەڵبەندی پێدرا و لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندیەكانی مەڵبەندی وەرگرت، ساڵی 1995 گەڕایەە بۆ سوید و لە ساڵی 1999 دا چووە بەریتانیا و لەوی بوو بە كارگێڕی مەڵبەندی دەرەوە، لەو ماوەیەدا لە ڕێكخراوی ئین دایت كاری دەكرد كە ئەركەكەی كۆكردنەوەی بەڵگەنامە بوو دەربارەی تاوانەكانی جینۆساید و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگ لە كوردستان و عێراق بە مەبەستی دابینكردنی كەرەستەی پێویست بۆ دادگاییكردنی سەرانی ڕژێمی بەعس.

ساڵی 2002 گەڕایەوە بۆ كوردستان و تا ساڵی 2005 وەزیری پەیوەندیەكان و هاوكاری بوو لە ئیدارەی سلێمانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، لەوە بەدوا لە ئۆرگانەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا كاری دەكرد، لە ساڵی 2009 دا بووە ئەندامی لیژنەی باڵای مەكتەبی ڕێكخستن و لە ساڵی 2010 دا لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندیەكانی دەرەوەی لە مەكتەبی پەیوەندیە گشتیەكانی یەكێتی نیشتمالنی كوردستان پێ سپێردرا، مەخابن دوای ململانێیكی سەخت لە گەڵ نەخۆشیدا سەرەنجام 13 ی حوزەیرانی ساڵی 2018 كۆچی دوایی كرد.



AM:12:22:14/06/2018