حکومەتی عێراق لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم روونکردنەوە دەدات

حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەینێرن.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا بە شێوەیەکی رێکوپێک بەردەوامن لە ناردنی بڕەپارەیەکی تایبەت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەپێی ئەو رێککەوتنە ی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە.

وتیشی، زانیاریم نییە بەردەوامی پرۆسەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی داهاتووی عێراقەوە، چونکە ئەو  پرسە تایبەت بە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراقە".

وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق بێ ئاگایی خۆشی دەربڕی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن پاش کۆتاییهاتنی حکومەتەکەی عەبادی،  مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رادەگریرێت.

بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، مانگانە بەپێی رێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕی 317 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانەدەکات، بەشەکەی دیکەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە پارەی نەوت دابیندەکات.

ئه‌م بابه‌ته ‌4830 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:56:14/06/2018