سوپای عیراق هۆشداریی بەتوركیا دەدات لەئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر قەندیل و شنگال، وتەبێژی سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراقیش ڕایدەگەیەنێت، "پێشمەرگە لەقەندیلەوە نزیكەو سوپاش لەشنگال هەیە و لەئامادەباشیداین".
عەمید یەحیا زوبەیدی، وتەبێژی فەرمی سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق سەبارەت بەهەڕەشەكانی توركیا بۆ پەلاماردانی قەندیل و شنگال ڕایگەیاند، "داوا لەتوركیا دەكەین سەروەری خاكی عیراق بپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی ئێمە لەشنگال هەن و پێشمەرگەش لەقەندیل نزیكە كە بەشێكن لەسیستمی بەرگری عیراق، كاری هەموو ئەم هێزانە پاراستنی سەروەری عیراق و هەموو نەتەوەجیاوازەكانە".
بەرپرسە سەربازیەكەی عیراق ئەوەشی نەشاردۆتەوە، "لەگەڵ ئەوەش نین خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی هەر وڵاتێك لەناو خاكی عیراق چاوەڕێی فەرمانی سەركردەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكەین".
لەدیدارێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، عەمید یەحیا زوبەیدی هیوای خواستەی، "توركیا ڕێز لەسەروەری عیراق و خاكەكەی بگرێت، خاكی عیراق و سەروەریەكەی لەلایەن هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و هێزە سەربازییەكانی عیراقەوە دەپارێزرێت".
جەختیشیكردۆتەوە، "ئێستا لەشنگال و هەموو شوێنێك بونمان هەیە، سەروەری عیراق دەپارێزین و پارێزگاری لەعیراق دەكەین، بۆیە هیوادارین توركیاو توركەكان ڕێز لەسەروەری عیراق و خاكەكەی بگرن لەهەموو پارچەیەكی عیراق هێزی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان هەیە، پێشمەرگەش هەیە كەبەشێكن لەسیستمی بەرگری عیراق و سەروەریی و خاكی عیراق دەپارێزن".
ئەوەشی وتوە "پشت بەخوا ئێمە دەتوانین پارێزگاری لەخاكی عیراق بكەین، ئێمە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانمان هەیە، حكومەتی عیراقیمان هەیە، ئێمە سەر بەفەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانین، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئێمە ئامادەباشین و چاوەڕوانی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەكەین".