كاتی پێدانی كارەبا لە جەژندا ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر ڕایدەگەیەنێت هیچ بەرنامەیەك بۆ زیادكردنی بڕی كارەبا لە ڕۆژانی جەژن نییە و دەڵێت "ئەگەر گرفتی تەكنیكی دروست نەبێت، ڕۆژانە دەتوانرێت 12 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بدرێتە هاووڵاتیان".

حوسێن حەمەد قادر، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر ڕایگەیاند بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە، خواستێكی زۆر لەسەر بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە دروست بووە و زۆربوونی خواست بووەتە هۆكاری دروستبوونی گرفت لە تۆڕەكانی كارەبا و گەیاندنی بە شێوەی پچڕپچڕ، كە ئەمەش سیستەمێكی نوێیە و بۆ رێگریكردنە لە كوژانەوەی یەكجاری كارەبا.

وتیشی "بەپێی ئەو خشتەیەی كە بە گوێرەی خواست دانراوە، بڕی كارەبا بەسەر دانیشتوانی پارێزگای هەولێر دابەش دەكرێت، "تا ئێستا ئاگادار نەكراوینەوە كە بڕەكە لە رۆژانی جەژندا زیاد دەكات، تاكوو گۆڕانكارییەك لەكاتەكانی پێدانی كارەبا بكەین".

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر باسی لەوەش كرد بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری كراوە، ڕۆژانە 12 بۆ 13 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بەسەر هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێردا دابەش دەكرێت.

بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتیمانی، كێشەی كەم ئاوی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، بەتایبەتی ئەو گەڕەكانەی لەرێگەی بیرەوە ئاویان بەسەردا دابەش دەكرێت دروست بووە.



PM:01:46:14/06/2018