ئێران: هیچ ڕێكەوتنێكمان نیە لەگەڵ توركیادا بۆ هێرشكردنەسەر پەكەكە

وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەكەی بە بیانووی شەڕی تیرۆر بە بێ مۆڵەت وەرگرتن ناچێتە خاكی هیچ وڵاتێكەوە و دەڵێت "هەتا ئێستاش هیچ ڕێكەوتنێكمان نیە لەگەڵ توركیادا بۆ هێرشكردنەسەر پەكەكە".

بە پێی هەواڵێكی ماڵپەری تەنسیمی ئێرانی ئەبو فەزڵ شكارچی وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی ئێران سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە وتەكانی چەند رۆژی ڕابردووی وەزیری بەرگری توركیا و ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بۆ پارێزگاری هەرجۆرە داواكاریەكی شەڕی دژی تیرۆرستی لە هەمانكاتدا لەشكركێشی بۆ وڵاتێكی دراوسێ بە بێ مۆڵەت بە نایاسایی ناودەبات و ڕێگەش نادات هیچ وڵاتێك لە خاكی ئێرانەوە هیچ جۆرە هێرشكردنێك ڕووبدات تەنانەت ئەگەر شەڕ دژ بە تیرۆریش بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین جار ڕووبەرووی شەڕی تیرۆر بووەتەوە، بەڵام ئەم رێگایە بە دروست نازانێت خاكی وڵاتی دراوسێ بەكاربهێنێت بە بیانووی شەڕی تیرۆر.

 لە چەند رۆژی ڕابردوودا نورەدین جانكیلی وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند، ڕەزامەندی هەریەك لە عێراق و ئێرانیان وەرگرتووە بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە لە چیاكانی قەندیل لە هەرێمی كوردستان.

هەر ئەمرۆش وتەبێژی فەرمی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق داوای لە ‌توركیا كرد،  سەروەری خاكی عێراق بپارێزێت و هێرشەكانیان بۆ سەر قەندیل و شنگال ڕابگرێت چونكە هێزەكانی عێراق لە شنگال و پێشمەرگە لە قەندیل بوونیان هەیە و كاریان پاراستنی سەروەری عێراق .

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە ١١ی حوزەیران  بە فەرمی ڕایگەیاند، سوپای توركیا هێرشی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە چیای قەندیل دەستپێكردووە.

ماوەی مانگێكیش زیاترە سوپای توركیا بە قوڵایی نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بەزاندووە و ڕۆژانە شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئەوان و گەریلاكانی پەكەكەدا ڕوودەدات.



PM:02:35:14/06/2018