وەزارەتی خوێندنی باڵا خولی پەرەپێدانی زمان بۆ كاندیدەكانی دەكاتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئامادەكاری دەكرێت بۆ كردنەوەی خولی پەرەپێدانی زمان بۆ كاندیدەكانی خوێندنی باڵا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكەشی خستتەڕوو.

بە پێی هەواڵێكی ماڵپەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەكە لەگەڵ ڕێكخراوی ئیمیدیست ئامادەكاری دەكات بۆ كردنەوەی خولی پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی، بەتایبەت بۆ كاندیدەكانی خوێندنی باڵا.

ئاماژە بە ئەوەش كراوە، هەر لەو چوارچێوەیشدا خولی پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی بۆ فەرمانبەرانی دیوانی وەزارەت كراوەتەوە و لەگەڵ ڕێكخراوەكە گفتوگۆ كراوە دەربارەی هەنگاوەكانی كردنەوەی ئەو خولانە لە پارێزگاكانی (هەولێر، هەڵەبجە، سلێمانی ودهۆك)، هاوكات باس ئامادەكارییەكانی ڕێكخراوی ئیمدیست كرا بۆ كردنەوەی سێنتەری تاقیكردنەوەی (TOEFL iBT) لە زانكۆ حكومیەكان.

ڕێكخراوی ئیمدیست لە ساڵی ١٩٥١ دامەزراوە و ئۆفیسی سەرەكیان لە واشینتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە و  ئەزمونی نزیكەی٧٠ ساڵ كاركردنیان لە بواری خولی پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی هەیە و لە ئێستادا لقیان لە دەیان وڵات هەیە.



PM:03:02:14/06/2018