هەپەگه کوژرانی ۳۲ سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

هەپەگە ڕایگەیاند، لە ئاکامی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی باکور و هەرێمی کوردستان، ٣٢ سەرباز کوژراون و دوو گەریلاش شەهیدبوون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژانی ٩ تا ١٢ی ئەم مانگە، چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانیان لە چەند ناوچەیەکی سنوری جولەمێرگ و ئامەد و شرناخ لە باکوری کوردستان و گردی بەیرەقی دەڤەری بارزان لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە.

هەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، ٣٢ سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و دوو گەریلاش شەهیدبوون، بەڵام تائێستا سوپای تورکیا لەبارەی کوژرانی ئەو ژمارە سەربازەیەوە هیچ ڕاگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا هەپەگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی دەرارێ، ستونا، بەدەێ، کۆردینە و شیلادزێیان لە بناری قەندیل بۆردوومانکردووە.



PM:05:45:14/06/2018