حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە.
لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزان بڵاوکردوەتەوە حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، پیرۆزبایی تایبەتمان بۆ خانەوادەی سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان.
لە پەیامەكەدا هاتووە، هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەمووان و هاندەری هەموو لایەک بێت بۆ هەوڵ و کاری جدی بە ئامانجی تەبایی و یەکڕیزی، لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەمان.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەى بینینى مانگ لە هەرێم لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە کاتژمێر ٧:١٩ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر چیاى گۆیژە لە شارى سلێمانى مانگ بینراوە، بەمەش سبەینێ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە.