سێ دادوه‌ر بۆ كۆمسيۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەهه‌رێم دیاریکران

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، کە سەرۆکی ئەنجومەنەکەیان فەرمانی دیاریکردنی سێ دادوەری بۆ سەرپەرشتی ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەرکردوە.

عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەک ئاماژەی بەوەدا، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نەکە فه‌رمانى دامه‌زراندنى بۆ‌ سێ دادوه‌ر ده‌ركردووه‌، كه‌ له‌لايه‌ن ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دياریكراون.

ده‌شڵێت، دياريكردنى ئه‌و دادوه‌رانه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانى نوسينگه‌كانى كۆمسيۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك، پرۆسەکەش لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆتایی هاتووە.

لەبارەی ناسنامەی ئەو دادوەرانەى، کە دیاریکراون بۆ سەرپەرشتیکردنی ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە هەرێم، تا ئێستا ئەنجومەنى دادوەرى عێراق و ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم ئاماژەیان بە ناوەکانیان نەکردووە.




PM:08:49:14/06/2018