نێچیرڤان بارزانی: پارتی پشتگیری هەر دەستپێشخەرییەك دەكات بۆ هەوڵی دەرچوون لە ناسەقامگیریی عێراق

سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند، پشتگیری لەهەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكەن کە بۆ هەوڵی رزگارکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق دەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان  رایگەیاند، پارتی و گەلی كوردستان هەوڵی دەرچوون لەو قەیرانە دەدەن، كە هەڕەشە لە كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكات و شتگیریی پارتەکەسی ئەو مەبەستە دەربڕی.

 وتیشی،"پارتی پشتگیری هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكات بۆ هەوڵی دەرچوون لەو حاڵەتە سیاسییە ناسەقامگیرە لە عێراق و گەڕانەوە بۆ كاركردن لەسەر بنەمای دەستوور و كاركردن بە یاسا ، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەبێتە هۆی دەستپێكردنی گفتوگۆی جیدی لەپێناو دامەرزاندنی هاوپەیمانییەتێكی فراوان و لە چوارچێوەی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا بتوانێت زۆربەی كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوە چارەسەر بكات كە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە ، ئەوا پێشوازی لێكراوە".

جێگری سەرۆکی پارتی جەختی لەوەشکردەوە کە، چاویان لەوەیە بۆ ئەو مەبەستە دوای كۆتاییهاتنی پشووی جەژن، گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانە لە بەغدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێبكرێت لە پێناو ئەو ئامانجە".


PM:04:12:15/06/2018