تورکیا دەیەوێت بە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای ئازاد هێرش بکاتە سەر قەندیل

فەرماندەیەكی سوپای سوریای ئازاد ئاشکرای دەکات رێككەوتن کراوە لە نێوان دەزگای هەواڵگری توركیا و سەركردەكانی هێزەكانی سەر بە سوریای ئازاد بۆ هێرشكردنە سەر قەندیل.

ئەحمەد سوڵتان، جێگری فەرماندەیی گشتی سوپای شۆڕشگێرانی سەر بە سوپای ئازادی سوریا بە ئاژانسی فورات نیوز-ی راگەیاندووە، "ڕۆژی 25ی ئایاری 2018 دەزگای هەواڵگری توركیا كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ سەركردایەتی هێزەكانی قەڵغانی فورات و چڵە زەیتون ریكخستووە، كە تایبەت بووە بە پرسی هێرشكردنەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەچیاكانی قەندیلی هەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "دەزگای هەواڵگری ویستی ئەوەی هەیە كە 2 هەزار بۆ 2 هەزار 500 چەكداری راهێنراوی ئەو هێزانە بۆ هێرشكردنەسەر پەكەكە بەكاربهێنێت، هەروەها ئامادەش بووە مانگی 750 دۆلار بدات بە هەر چەكدارێك".

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان زیادیكردووە، لە ئێستادا زیاتر لە 30 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمەوە.



PM:07:38:15/06/2018