دوای هەشت مانگی داخستن رێگای هەولێر – کەرکوک کرایەوە

دوای هەشت مانگ داخستن بەهۆی شەڕ و ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغداوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەلەنوێ ئەو رێگایە کرایەوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا عەقید، ئەفراسیاو كامل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك ئاشکرایکرد" لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممەوە بەفەرمانی (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێگەی سەرەكی هەولێر – كەركوك كرایەوە".

دوای بڕیاری كردنەوەی ڕێگەكە هاوڵاتیان دەستیان بەهاتوچۆكردن كردووەو ئێستاش ڕێگەكە ئاساییە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ەوە دوای ریفراندۆم و داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، بەهۆی شەڕێکی قورسی نێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکانەوە، لەلایەن پێشمەرگەوە پردی سەرەکی پردێ لە نێوان هەولێر و کەرکوک تەقێنرایەوە، هاوکات شەڕێکی قورس لەو دەڤەرە روویداو رێگاکە لەو دەمەوە گیراو هاتوچۆ قەدەغەکرا، ماوەی چەند مانگێکە لەلایەن پێشمەرگەوە تاک لایەنە ئەو رێگایەی کردەوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نەبوو بیکاتەوە، هەندێک ناوەندی رۆژنامەوانی ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە خەرجی چاککردنەوەی پردەکەو نۆژەنکردنەوەی بۆتە کێشە لە نێوان هەردوولادا، بەڵام ئەم ئێوارەیە ١٦ ی حوزیران حکومەتی عێراق بە فەرمی رێگاکەی کردەوە.



PM:08:58:16/06/2018