تورکیا لەباشوری کوردستان و قەندیل چی دەوێت ؟


پرسی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، رای کوردو بەتایبەتی لایەنەکانی باشووری کوردستانی کردووە بە دوو بەشەوە، هەندێکیان پێیانوایە کە ئەم هێرشە ئاسمانی و زەمینیانە بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەڵام رایەکی ترە پێیوایە ئەم هێرشانە ستراتیژیەو، تورکیا دەیەوێت لە باشووری کوردستان لە بادینانەوە بۆ قەندیل تا دەگاتە سەر سنوری ئێران بۆ هەمیشەیی جێگربێت.

هێزەکانی تورکیا لە دوو قۆناغی جیاوازدا سنوری باشووری کوردستان شکاندووە، لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردووە لە ناوچەکانی بادینان، لە ئامێدی و کانی ماسی و چەندان شوێنی تری پارێزگای دهۆک بە قوڵای ٢٥ کم جێگیر بووە. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ شەوە دەستی بەلەشکرکێشی کردووە بۆ سەر ناوچەی خواکورک و برادۆست لە ناوچەی سیدەکان کە سەر بەپارێزگای هەولێرەو، دەکەوێتە سێ گۆشەی هەرێمی کوردستان – ئێران- تورکیاوە.

بەپێی هەندێک زانیاری کە لەهەندێک سەرچاوەی تایبەتەوە دەستی کەوتووە و پشت ئەستوریشە بە کۆمەڵێک لێدوانی بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەم لەشکرکێشیەی تورکیا ستراتیژیەو ئەگەر بتوانێت و لەشەڕی تایبەتدا گەریلاکانی پەکەکە بشکێنیت و دۆخی هەرێمایەتی یارمەتیدەری بێت، بەتایبەتی سیاسەتی ئێران بەرامبەر پەکەکە و ناوچەکانی قەندیل، ئەوا تورکیا دەیەوێت بۆ هەمیشەیی بمێنێتەوە.
تورکیا کە رۆژانە پارەیەکی بێ شوومار لە بۆردومانی فڕۆکەکانی و جموجوڵی سەربازەکانیدا خەرجدەکات، تەنها بۆ پرسێکی تاکتیکی و کاتی وەک " هەڵبژاردن " ئەنجامی نادات، بەڵکو لەلای حکومەتی ئاک پارتی ئەو پرسە ستراتیژییە.

تورکیا سوودی لە نەرمی ئەمەریکا و رێککەوتنە نهێنیەکانی لەگەڵ روسیادا وەرگرتووەو لە دوو ساڵی رابردوودا چی ویستبێت جێبەجێیکردووە، لە رۆژئاوای کوردستان، تورکیا پیلانی داڕشت بچێتە عەفرین، لە ئەنجامدا عفرینی ١٨ ئازاری ٢٠١٨ کۆنترۆڵکرد، ماوەیەکیشە ئەمەریکای خستۆتە ژێر فشارەوە وا ئێستا ئەمەریکای ناچارکردووە کە رێککەوتنێک بکەن و لە سەر شارۆچکەی " منبەج "  بەپێی ئەو رێککەوتنە یەکینەکانی پاراستنی گەل " یەپەگە " و " پەیەدە " دەبێت شاری مینبەج چۆڵ بکەن.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧شەوە لەشکرکێشی کردۆتە سەر قەندیل و هەڕەشەی هێرشی سەر شەنگالیشی دەکرد، بە ناچاری گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچانە کشانەوە، سووپای تورکیا لە باشووری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی خۆی بەهێز دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە تا ئێستا سووپای تورکیا بە قوڵایی ٣٨ کم چۆتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان لەناوچەی سدیەکانی سەر بە پارێزگای هەولێرو گەیشتۆتە گوندی " بەرمێزە "، ( ئەو گوندەی کە یەکەیەکی سووپای تورکیا لە کۆتایی رەمەزاندا چوونە ناو خەڵکی گوندەکەوە، بەئاگاداری و بەشداری بەپرسانی پارتی لەو ناوچەیەو ڤیدیۆکەشی بڵاوکرایەوە ).

سەبارەت بەو پێگەیەی تورکیا لەو سێ گۆشەیە دروستی کردووە، بەپێی زانیاریەکان تورکیا " حەوت " بنکەی سەربازی لە ناوچەی سیدەکان دامەزراندووە، ئەو حەوت بنکەیە کەمتر رێگای هاتوچۆی پیادە لەنێوانیاندا هەیە، زیاتر لەڕێگای فڕۆکەوە دەگوێزرێنەوەو چەک و جبەخانەیان بۆ رەوانە دەکرێت. ئەو هێزانەش کە لەو بنکە سەربازیانەدا جێگیرکراون هێزی تایبەتی پۆلیس و هێزی تایبەتی جەندرمەی تیادا جێگریکراوە.
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە بەنهێنی پەیوەندیەکی ئیستخباراتی لەنێوان هێزەکانی تورکیاو هێزەکانی پارتیدا هەیە، هەندێک زانیاری رۆژنامەوانی ئاماژە بۆ پاڵپشتی لۆجستی هێزەکانی پارتی دەکرێت بۆ هێزە هێرشبەرەکەی تورکیا. 
سەختی شوێنەکە، چڕی دارستان و ساردی ناوچەکە، رێگرێکی گەورەیە لەبەردەم جموجوڵی ئەو ‌هێزانەدا، ئەمە جگە لەوەی لە نزیکی ئەم شوێنانە هێزە پارتیزانەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لێ یەو بە بەردەوامی ئامانجێکی ئاسانە بۆ ‌هێزێکی پارتی زانی پر مەشقی وەک پارتی کرێکارانی کوردستان کە سەربازەکانی تورکیا بکەنە ئامانج.

سیاستەی ئێران و عێراق بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیاو، شەڕی پارتیزانی گەریلاکانی پەکەکەو، سەختی ناوچەکە و سەرماوسۆڵەکەی، هێرشی تورکیای ئەستەم و زەحمەت کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی سەرماوە چی سووپای تورکیاو هەتا گەریلاکانی پەکەکەش تەنها لەو ناوچەیە لە مانگی حوزەیران و تەموز و ئەیلول دەتوانن جموجوڵ و چالاکی بکەن.

تورکیا وەک چاودێران ئاماژەی بۆ دەکەن و، ئەوەی لەسەر زەویش دەگوزەرێت، شەڕێکی ستراتیژی دەکات بۆ گەیشتن بە قەندیل و کۆنترۆڵکردنی، پێدەچێت پەکەکەش خۆی لە جەنگی بەرفراوانی بەرەی بپارێزێت و زیاتر راپێچی سووپای تورکیا بکات بۆ نێو قوڵایی خاکی هەرێم تا زیاتر هەلی شەڕی لێبسەنێتەوەو گورزی کوشندەی ئاراستەی هێزە هێرشبەکەرەکان بکات، پلانی پەکەکە پێدەچێت شەڕی لەبەر رۆشتنی خوێنی سووپای تورکیا و ئابوری ئەو وڵاتە بێت، رۆژانی ئایندە زیاتر ستراتیژی تورکیاو شەڕی تایبەتی گەریلا رووندەبێتەوە. ئەو راستیانەی هێزەکانی باشووری لێی تێناگەن، یان نایانەوێت بیبینن..!.



PM:11:17:16/06/2018