ئەردۆغان ووردەکاری هێرش بۆ سەر پەکەکە ئاشکرادەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە دواین هێرشی فرۆکە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر بناری قەندیل پێگەی کۆبوونەوەی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لەبارەی هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر چیایی قەندیل ڕایگەیاند، چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بە چڕی هێرشی کردوەتە سەر قەندیل  و لە دەستپێکی هێرشەکانیشیەوە تاوەکو ئێستا بە ٢٠ فڕۆکەوە، ١٠ ناوچەی گرنگ کە شوێنی شاردنەوەی چەک و تەقەمەنیی پەکەکە بووە کراوەتە ئامانج.

ئاماژەی بە ئەوەشکردووە، هەر لە درێژەی هێرشی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، شوێنی کۆبوونەوەی پەکەکەیان بۆردومانکردووە، بەڵام تا ئێستا زیانەکەی نەزانراوە و ناشزانرێت بەرپرسی باڵا لە نێو شوێنی کۆبوونەوەکە کراوەتە ئامانج یان نە.

لە چەند رۆژى رابردووشدا چەند جارێک فڕۆکەکانى تورکیا سنورەکانیان بۆردومان کرد، سوپاى ئەو وڵاتەش بە قوڵایى زیاتر ٣٠ کیلۆمەتر سنورەکانى هەرێمیان بەزاندووە.



AM:09:03:17/06/2018