پارتی و یەکێتی پرۆژەیەک ئامادە دەکەن

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گفتوگۆی لەسەر بکەن.

کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، داوایان لە حزبەکانی کوردستان کردووە، پێکەوە بچینە بەغدا، پڕۆژەیەکیشیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەن و لەوە تێبگەن کە لەسەر چ بنەمایەک، بچنە نێو حکوومەتی داھاتووی عێراقەوە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاندووە کە بودجەی ھەرێمی کوردستان و بابەتی پێشمەرگە و دابینکردنی مووچە بۆ ھێزی پێشمەرگە لە ئەولەویەتی کارەکانیانە، ئەگەر "لەسەر ئەوانە رێککەوتین، دواتر باسی پۆستەکان دەکەین".

لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی وادەی چوونی شاندەکە بۆ بەغدا، خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کردووە، ھێشتا کاتی چوونی شاندەکە بۆ بەغدا دیاری نەکراوە.

جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە ھەموو لایەنە کوردییەکان پێکەوە بڕۆنە بەغدا و لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان یەک ھەڵوێست بن، دەشڵێت ”لایەنی کەم پارتی و یەکێتی و ھێزەکانی دیکە، دیدێکی ھابەشیان ھەبێت، بۆ داھاتووی عێراق".



PM:02:00:18/06/2018