قایمقامی سۆران لەبارەی سنور بەزاندنی سوپای تورکیاوە ڕوونکردنەوە دەدات

قایمقامی قەزای سۆران باس لە سنوور بەزاندنی سوپای توركیا دەكات بۆ ناو خاكی هەرێم و رایدەگەیەنێت، لە هیچ شوێنێكی ژێر دەستی پێشمەرگەی كوردستان سوپای توركیا "سنوری نەبەزاندووە".

كرمانج عیزەت، قایمقامی قەزای سۆران بەدەنگی ئەمەریكا-ی راگەیاندووە، "دەبوو حكومەتی عێراق لەسەر هاتنی ئەو سەربازە توركانە هەڵوێستی هەبوایە پێشتر ئەو ناوچانە لەدەست ئێمە نەبوەو لە هیچ شوێنێكی ژێر دەستی پێشمەرگەی كوردستان حكومەتی توركیا سنوری نەبەزاندووە، تەنها ئەو شوێنە نەبێت ئەوەش بەرێككەوتن نەبووە، بەڵكو ئەو شوێنانە شوێنی ژێر دەستی پەكەكە بون نەك حكومەتی هەرێم، هەرچەند ئێمە لەگەڵ ئەوە نین و پشتگیری ناكەین بەڵام شوێنی ئێمە نەبووە پێشتر".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "گوندی بەرمیزە تەنها دوو كیلۆمەتر لەسەر سنوری توركیاوە دوورە، وەك هەموو وەرزێكی بەهار پێنج مانگ پێش ئێستا توركیا هێڵی بەرگری خۆی گۆڕی، بەڵام ئەمجارە لەناو خاكی خۆی نەبوو بەڵكو پەڕیەوە بۆ كوردستانی عێراق ئەو شوێنانەی كە پەكەكەی پێشتر لێ بون نەك ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی حكومەتی هەرێم بون هاتن بەرزاییەكانی ئەو شوێنانەیان گرت بەبێ ئەوەی پەكەكە هیچ بەرگریەك بكات".

كرمانج عیزەت باسی لە بۆچونی خۆیان كرد لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر قەندیل و شەنگال وتی، "ئەگەر توركیا بیەوێت بێتە قەندیل دەبێت یا رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی بێت یا دەبێت بە سوپایەكی زۆرەوە بێت هەرجوڵەیەكی توركیا ئەگەر بەڕێكەوتنی نێودەوڵەتی نەبێت ئاسان نیە".

كرمانج عیزەت هەروەها دەڵێت، "پەكەكە بەشێوەیەكی عەسابەیی و پارتیزانی شەڕ دەكەن ئەگەر توركیا هێرشی كرد و ئەوان لەوێش نەمێنن دەچنە شوێنێكی تر، بەڵام ئەوەی زیان دەكات خەڵكی ناوچەكەن لەگەڵ ئەوەشدا وای بۆ دەچم توركیا زیاتر هەڵمەتێكی هەڵبژاردن بێت نەك بەڕاستی بیەوێت هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانە، چونكە لەشەنگالیش هێزی ئەمریكی و سوپای عیراقی لێیە".

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان زیادیكردووە، لە ئێستادا زیاتر لە 30 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمەوە، 31ی مانگی رابردووش سوپای توركیا  بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆراوجۆر چووە ناو گوندی بەرمیزە لە سنوری برادۆست-ی سەر بە قەزای سۆران، لە مزگەوتی گوندەكەش لەگەڵ خەڵكی گوندەكە كۆبوونەتەوە.



PM:02:42:18/06/2018