سوپای تورکیا گەیشتە سنوری شاری منبج

سەرچاوە هەواڵییەکانى سوریا بڵاویانکردووە، سوپای تورکیا دەستیکردووە بە پێشڕەوی و چووەتە ناوچەکانى سنوری شاری منبجەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەگەڵ هاتنى ئۆتۆمبێلە و سەربازەکانی تورکیا فڕۆکە ئەمریکی و تورکییەکانیش بە شێوازێکى چڕ و بە نزمی لە  ئاسمانى ناوچەکە دەفڕن.

هاتنی سوپای تورکیا بۆ منبج لە دواى ئەوە دێت لە ماوەى ڕابردوو ئەمریکا و تورکیا لەسەر نەخشەڕێگای منبج ڕێککەوتن و  دواتریش وەزیرى بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنى نەخشەڕێگاى پەیوەست بە بەڕێوەبردنی منبج لە باکورى سوریا.

ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەی پێکهێنانى هاوکاری سەربازییە لەگەڵ تورکیا لە منبج و لە ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەوەیەکى دیکە بۆ تاوتوێکردنى نەخشە ڕێگاکە و چۆنیەتى جێبەجێکردنى ئەنجام دەدەن.

هەروەها وەزیرى بەرگریی ئەمریکا ئەوەشى حستووەتەڕوو، بەپێی نەخشە ڕێگاکە سەرەتا لەگەڵ تورکیا لە دەوروبەرى منبج گەڕان و پشکنینیان دەبێت و دواتریش لە ناوخۆى منبج گەڕان و پشکنین ئەنجام دەدەن.

هـ،ڕ



PM:04:38:18/06/2018